هه‌ورێک به نێوقه‌دی زه‌وییه‌وه

هێمن عه‌بدوڵلاپوور- بۆکان

فەڕخەی ۱

"ئەوە چەندەمین جارە پێت دەڵێمەوە، ئەو قسانە نەهێنییەکی زۆر مەزنن. دڵنیام کە هەموو ئەو قسانە وەک نەهێنییەکی زۆر مەزنتر لە نێوان من و تۆدا دەمێنێتەوه. دیارە لەو چەند مانگەدا تەنانەت باشتر لە "خاتوون ئەستی"ش بۆت ڕوون بۆتەوە کە شێخ فەڕخی خاوەن کەرامات هیچ سنوورێک لە ئەرز و ئاسمان لەپێناو گەیشتن بە ئامانجەکانی شک نابا. زۆر باشتریش بۆت ڕوون بۆتەوە ئەگەر بێتو بتەوێ ته‌نانه‌ت یەک لە سەدانی نهێنیەکانی من بدرکێنی، زۆر بە ئاسایی بەدەردی ئەو چەندین کەسە دەچی وا لەو ماوەیەدا بەسەرهاتیانم بۆ گێڕاویەتەوە. کەوایە بۆ هەمیشە لەبیرت بێ پاراستنی نەهێنیەکانی شێخ فەڕخی خاوەن کەرامات وەک پاراستنی نەهێنیەکانی مەزنی ئەرز و ئاسمانە. ئەو نەهێنیانەی وا جوبرائیلی مەزن و هەموو مەلائیکەکان خۆیان بە بەرپرسی پاراستنی دەزانن. ئەو نەهێنیانەی وا تەنانەت پوریشم هێندێکیانی بۆ ئاشکرا ببوو بەڵام ...

تا کوێم بۆ باس کردبووی؟ ئەرێ! ... پوورم دەیزانی من چیهام لەدەست دێ، بەڵام مامم هەر قسەی خۆی دەکرد. هەڵبەت لە قسان چەند جارێک پوورم باسی چۆنیەتی کەرامات نواندنی منی لە منداڵییەوە تا دوایین ژوانی من و "خاتوون ئەستی" بۆ کردبوو. بۆی باس کردبوو کە من زگماک دڵم بە "خاتوون ئەستییەوە" بووە. پێی کوتبوو کە خۆشەویستی "خاتوون ئەستی" بۆ من هێندە گرینگە کە لە پێناو گەیشتن بە ژوانی ئەو، پاش ئەوەیکە زەویم بە ڕۆخساری خۆم ڕازاندەوە، دەستبەجێ دایک و باوکمم ڕەوانەی بەهەشتی بەرینی خودای هەژدە عالەمیان کرد. ئاگاداری کردبۆوه کە منداڵێک وا لە مەلۆتکەدا قسە دەکات، ئامان و سەد ئامان، بۆ ئەوە نابێ دوژمنایەتی لەگەڵ ساز بکرێ. وەبیری هێنابۆوە کە شێخ فەڕخی خاوەن کەڕامات، هەر ئەو کەسەیە وا سێ ڕۆژان جێژنی ڕەمەزانی وەپێش خست و گوێشی بە قسە و تانە و تەشەری مەلا و شێخان، نەبزوا. بەڵام مامم بەرانبەر بە تەواوی ئەو قسانە بە دەم شیرەبزەیەکەوە تەنیا یەک وشەی به زاردا گەڕا: "سوبحانەڵڵا"!

جا مانای ئەو شیرەبزەیە پاش پێ زانینی پوورم و کوڕەکانی بە دوایین ژوانی ئێمە لە ناو خێوەتەکەدا، زیاتر وەدەر دەکەوێ، ئەو دەمەی وا مامم بە خەیاڵی خۆی لە پێناو پاراستنی حەیا و شەڕەفی بنەماڵەکەی دەچێتە سەر دارێکی بڵیند و حوکم لە براکانی "خاتوون ئەستی" دەکا کە هەر ئەو شەو لەگەڵ "خاتوون ئەستی" بەرەو وڵاتی براکەی، واتە "عەبدولعەزیزی داسنی"، وەڕێ کەون.

بە کێ دەکرێ؟ کام پێغەمبەر، کام پیاوچاک، کام شێخ و غەڵیفە توانیویەتی لەگەڵ ژوانی پڕ لە خۆشەویستی و ڕاموسینی دڵدارەکەی، هاوکات، ئاگاشی لەوردترین جموجۆلی چاک و خراپی پیاوێکی خودانەناس و قیامەت بەخەساری وەک عەبدولعەزیزی داسنی لە وڵاتێکی دیکەدا بێ؟ تۆ بڵێی مامە عەبدولعەزیزم ئەو سێ خەونەی وا بەمنەوەی دی، بۆ مام غەڵیفەی نەگێڕابێتەوە؟ ئەو سێ خەونەی وا ڕاست لە سێ شەودا پێش لە زەماوەندە بەدشومه‌که‌ی کوڕەکانیەوە دیتی. ڕەنگە بۆی نەگێڕابێتەوە، دەنا هیج پیاوێک هێندە گەوجانە کچە نازدارەکەی ڕەوانەی هەندەرانی بێ گەڕانەوە ناکا.

ئەرێ! ئێستاش جوان لەبیرمە. لەو سەردەمەی وا عەبدولعەزیز خەیاڵی ناردنە حیجلەی دڵدارە نازدارەکەی شێخ فەڕخی خاوەن کەراماتی بە مێشکدا گەڕا، شەوی یەکەم، بە ئیزنی جوبرائیلی مەزن، مانگم تێکەڵ بە بڵێسەی ئاگر ناردە خەونیەوە. بەڵام کاتێک کە لە خەو ڕاچەنی یەکەم شت کە بیری لێکردەوە مەڕەکانی بوون. "نەکا هەورە تریشقە لێی دابێن ... نەکا ...". شەوی دواتر ڕەشەمارێکی زەبەڵاحم وه‌زمان هێنا و  ناردە خەونییەوە: "ئامان! دۆست و دوژمنی خۆت جوان بناسە، بزانە لەگەڵ کێ تێکەوتووی ...". دیسانیش هەر تێنەگەیشت، کاتێک لەخەو هەستا فەرمانی دا شیری یەک حەوتووی مەڕەکانی بەرنە بەردرگای هەژاران و داماوان! شەوی سێهەم وەرزی بەهار و سەرهەڵدانی سروشتم لێ شێواند و بۆم کردە دیمەنێکی ترسێنەرتر لە دۆزەخی دۆزەخیان، ئەوجاریش هەر بە هەڵە تێگەیشت. ده‌ستی کرد به تفاق کۆکردنەوە بۆ چەند سەرە مەڕەکەی، نەکا سەوزایی بەسەر سینگی زەوییەوە نەمێنێ! لەو سێ شەوەدا تەنانەت بۆ چرکەساتێکیش بیری لەوە نەکردەوە کە ڕەنگە ئەو خەونانە بێ دەروەست بە بووک هێنانی بۆ کوڕه‌کانی نەبن. بیری لەوە نەکردەوە کە قەبارەی ئەوینی پڕ لە هەستی "خاتوون ئەستی" تەنیا بە باڵای شێخ فەڕخی خاوەن کەرامات دوردراوە و هیچکەس تەنانەت کوڕەکانی عەبدولعەزیزی داسنیش ناتوانن خۆ لە تۆزی ڕێگای عەشقی ئەو و دڵدارەکەی بدەن. دەبوو بە چ زمان و هێما و هەڕەشەیەک تێم گەیاندبا؟ "

"من" وەک هەمیشه و تەنیا لە ڕۆڵی بیسەرێکی باش گوێی داوەتە قسەکانی شێخ فەڕخی خاوەن کەرامات و وەک هەمیشە بێدەنگ و بە ڕامانێکی قووڵ لە مێشکیدا خەریکی لێک دانەوەی قەسەکانیەتی. بەڵام بە باشی تێنەگەیشت کە ئەم دوایین پرسیارەی شێخ فەڕخ ئاراستەی ئەو کراوە یان وەک پاڵپشتی ڕاست کردنەوەیەکی چەند جارەی قسەکانی شێخ فەڕخ هاتۆتە ئاراوە. هەر بۆیەش بێ هیچ قسەیەک خۆی سەرقاڵی سەر و ژوور کردنی کەل و پەلەکانی ناو هەنبانە‌که‌ی بەردەستی دەکا.

 

فەڕخەی ۲

"کاکی "من"! ئێستاش نەمزانی تۆ کێی و بە ڕەچەڵەک و ڕەسەن دەچیتەوە سەر کام خانەدان و بنەماڵە. چۆن و بە پێی چی ملی ئەو ڕێگا هەورازەت گرتۆتەبەر و بوویەتە هاوسەفەری شێخ فەڕخی خاوەن کەرامات. لەو ماوەیەشدا هەرچی سەرنجی ئاکار و ڕەفتارتم داوە جگە لە گوێ دان و بەهەڵکەوت لێو جوڵاندنێکی بێدەنگ چی دیکەم لێ نەدیوی. نازانم چۆن نەدیو و نەناسیو و بە پێی چی نەک هەر بەسەرهاتی دەیان کەسم بۆ باس کردووی، بەڵکوو بەشێکی زۆر لە نەهێنیەکانی ژیانی خۆشمم بۆ ئاشکرا کردووی. عەقڵی شێخ فەڕخی خاوەن کەراماتم داوەتە دەست مه‌تمانە بە بێدەنگیی بەردەوامی شەو و ڕۆژانەت. ئێستا ئەوانە هەموو بە جێی خۆی، ناکرێ تەنیا جارێک زمانت لە جێی ئەو دوو دەستە ناقۆڵایەت وەقسە بێنی و پێم بڵێی کەنگێ دەگەینێ؟ "

"من" ڕەنگە جگە لەو پرسیارەی ئاخر وەڵامی هیچ پرسیارێکی دیکە نەزانێ. بە هیوای هاتنەگۆ دم دەکاتەوە، بەڵام تەنانەت خۆشی گوێی لە هیچ دەنگێک نابێ. بۆ ساتێک بیر لەوە دەکاتەوە کە شێخ فەڕخی خاوەن کەرامات ڕەنگە تەنیا بە ڕوانینی جوڵانەوەی لێوەکانی لە قسەکانی تێ بگا. لە بن دیوارێک پاڵ دەکەوێ و دەست دەکا بە لێو سه‌ر و خوار کردن:

"دەگەینێ مام شێخ ... هێندەمان نەماوە، دەگەینێ ... پاش ئەو چنارستانە دەگەینە دەشتاییەک و پاش ئەویش ڕێی کوێرەدێیەکمان لەبەرە. جوان لێم ڕوون نییە لە کام شوێنی ئەو کوێرەدێیە، له‌ناو کام ماڵ و مه‌زرادا به‌ڵام ڕاست له‌ ناو ئه‌و دێیه‌دا پیاوێکی بێکەس و تەنیا دەژی بە نێوی "لەشگەری".

شێخ فەڕخ بێدەنگ چاوی بڕیوەتە لێوەکانی "من". بەردەوامی بێدەنگی شێخ فەڕخ ئەو هۆمیدە دەخاتە دڵی "من" ەوە کە ڕەنگە لە قسەکانی تێگەیشتبێ. ئەوجار "من" بەهێز تر لە جاری پێشوو، بێدەنگ و بەردەوام لێو دەجووڵێنێ:

"ئەوجۆەرەی من بیستوومە تەنیا لەشگەری ئاگاداری ئەو نەهێنییەیە کە خاتوون ئەستی بەرەو کام وڵات سەری پێوە ناوە. من خۆشم پێموابوو چیرۆکی دڵداری شێخ فەڕخ و خاتوون ئەستی بە گریانە بەکوڵه‌کەی شێخ فەڕخ لەسەر گۆڕی ئەو خاتوونە کۆتایی پێ هاتووە، بەڵام کاتێک لەگەڵ چەند ڕدێن سپی و پیاوماقووڵ و بەساڵاچوو سەبارەت بە ئەنجامی چیرۆکی دڵداری شێخ فەڕخ و خاتوون ئەستی قسەم کرد، تێکڕا لە سەر ئەوە ساغ بوونەوە کە شێخ فەڕخ پاش ئاوارەبوونی بەرەو وڵاتی شام و سەردەمێکی زۆر دابڕان لە خاتوون ئەستی، چەندین جار لە جوبڕائیل پاڕاوەتەوە کە تا پێگەیشتنی یەکجاری خۆی و خاتوون ئەستی، تەمەنی هەتا هەتایی بە خۆێ و دڵدارەکەی ببەخشێ. ئەوەش بۆ هەمووان ڕوونە کە شێخ فەڕخ پێوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ جوبرائیلی ئەمین بووە و بە پێی خاوەن کەرامات بوونی، جوبرائیلی ئەمین قەت دڵی نەهاتووە دڵی بشکێنێ و تەنانەت یەک دۆعاشی بێ وەڵام نەهێشتۆتەوە. هەر بە پێی ئەوەش ئەو دۆعایەی شێخ فەڕخیش وەک دۆعاکانی دیکەی بێ وەڵام نەماوەتەوە. ئەوەیکە ئەو دۆعایە چۆن وەدی هاتووە و ئەگەریش وەدی هاتووە خاتوون ئەستی چی بەسەر هاتووە و ئێستا لە کوێیە، تەنیا کەسێک ئاگای لەو هەموو نەهێنیانەیە. ئەویش "لەشگەرییە".

پاش ئەوەی خەڵک لەشی شەڵاڵی خوێنی سەیدەوانیان لە شاخ هێنایە خوارێ، لە ناکاودا دەستگیرانەکەی سەیدەوان لەبەرچاو ون ده‌بێ. هەر لەو سەردەمەش‌دا "نازدار"ی خوشکی خاتوون ئەستی تووشی دڵداری لەگەڵ ئەو لەشگەرییە دەبێ وا ئێمه‌ لە پێناو دیتنه‌وه‌ی ملی ئەم رێگایەمان گرتۆته به‌ر. لەشگەری خۆشخوانی سولەیمان بەگی قولی بەگیان دەبێ. گۆیا لە یەکێک لە سەفەرەکانی سولەیمان بەگی قولی بەگیان کە بە مەبەستی ڕاو و ڕابواردن ڕوو لە کوێستانی داسنی دەکا، زۆر بە هەڵکەوت چاوی بە نازداری خوشکی خاتوون ئەستی دەکەوێ کە بۆ سەردانی ماڵە مامی هاتۆتە وڵاتی داسنی. هەر ئەو کوێستانە چەندین جاری دیکەش دەبێتە جێژوانی لەشگەری و خاتوو نازدار. لەیەکێک لەو ژوانانەدا نازدار باسی نەهێنییەکی زۆر گەورە بۆ لەشگەری دەکا و سوێندی دەدا کە لە لای کەس نەیدرکێنێ. پێی کوتبوو پاش وەبەر گوڵڵە کەوتنی سەیدەوان، دەستگیرانەکەی بەرەو وڵاتێکی نەناسراو سەری خۆی هەڵدەگرێ. نازدار لە سەفەرێک‌دا کە لەگەڵ مام غەڵیفە و دایکیەتی، چاوی بە ئافرەتێک دەکەوێ وا لە پەنای دیواری کەلاوەیەک، بە سیمایەکی زۆر ئالۆزەوە دانیشتووە و چاوی بڕیوەتە چاوەکانی نازدارەوە. گۆیا نە مام غەڵیفە و نە دایکی خاتوون ئەستی ئاگایان لەو ڕووداوە نابێ. پاش گەڕانەوە، نازدار ناوێرێ لەلای کەس جگە لە لەشگەری باسی ئەو شتە بکا.

"من" بۆساتێک لێوەکانی لەسەر یەک دەنێت و وەک هەمیشە بێدەنگ، چاو دەبڕێتە چاوەکانی شێخ فەڕخەوە.

"بە کەرەم و گەورەیی خاوەن کەراماتی ئەرز و ئاسمان، ئەگەر ناوبانگی شێخ فەڕخ سەد هێندەی دیکەش لە دونیادا بڵاوبایەوە، دیسانیش لەو وڕینەی تۆ نەدەگەیشتم. لەوانە گەڕێ، حاشا لە خۆت و گێڕانەوەی بەسەرهاتت. دەکرێ بفەرمووی ئەوجار بەرەو کوێ بڕۆین؟ "

"من" ناهۆمێد و شەکەت هەڵدەستێتە سەر پێ. دیسانیش هەر دوو دەستی بەرەوە پێشەوە دڕێژ دەکاتەوە. وەپێش شێخ فەڕخ دەکەوێ و بێدەنگ ملی ڕێگا دەگرێ.

 

فەڕخەی ٣

"خۆزگه و سەد خۆزگە تەنیا جارێکی دیکە بمدیبایەتەوە. ئەگەر لە ناو سەد کەسیش‌دا خۆی حەشار دابێ هەر دەیناسمەوە. باڵا نالەبارەکەی، سمێڵە تاڵ کەوتووەکەی، چاوە دەڕپەڕیوەکانی، لە هەمووی ئەوانەش گرینگتر بزە ژەهراویەکەی وا سەرتاسەری ئەو ڕۆژە لەسەر لێوە داچۆڕاوەکەی بوو. هاوار و سەد هاوار ... ڕەنجی کارەساتی ئەو ڕۆژە لە لایەک، ده‌ردی ئەو بزە ناحەزە ژەهراویەشی لە لایەک. ئێستاش نەمزانی چاوی بۆ لە خانزاد هەڵنەدەگرت، ئەی خانزاد بۆ بزەی ئەو زەلامەی بە شابزە دەستاندەوە؟ تۆبڵێی خانزاد، هۆشی لە لای قسە کانی ئەو ڕۆژەی من بووبێ؟ تۆبڵێی ئەو ڕۆژە بەهەڵە خانزادم وەک هەمیشە لێو بە بزە نەهاتبێتە بەرچاو، دەنا خانزادی تاقانە، خانزاده نازدارەکەی سولەیمان بەگی قولی بەگیان چۆن دەتوانێ لە ڕۆژی سزا دانی بکوژە خەیاڵیەکەی بابی، ئاوا لێو بە بزە و دڵ پڕ لە شادی بێ؟ تۆ بڵێی ...".

"لەشگەری بەستەزمان! دڵ‌قایم ‌بە بە کەرەمی خودای هەژدە عالەمیان! هێندێک لەسەرەخۆتر بە. ئیمانت بە خاوەن چارەنووس بوونی خودای گەورە زیاتر بێ. دڵنیا بە شێخ فەڕخ وەک کەمترین عەبدی خودا، ئاگای لە بەسەرهاتی تۆ و سەدانی وەک تۆ هەیە. هەر ئەو عەبدە چکۆلەیەشی دەتوانێ ژانی ئەو ئەشکەنجە دۆزەخینەیه‌ت ساڕێژ بکا. به‌ڵام با بزانی کەراماتی شێخ فەڕخ تا بەر دەرگای دەڕوازەی ئەو شارەی وا دەڵێن خاتوون ئەستی ئێستا لەوێ وەک هەمیشە چاوەڕێی فەرخۆڵەکەیەتی، بڕ دەکا. ئەو شارەی وا وەک سزاگای خەیانەت کاران و پیلان چییەکان نێوی لێ دەبەن. ئەو شارەی وا بە هۆی زرم و کوتی تەقینەوەی بەردەوامی فیشەک و بۆمب، دۆعا و نزا و پاڕانەوەی شێخ فەڕخ تا بستێک، تەنیا بستێک ئەولاتری دەڕوازەکەشی بڕ ناکا. هه‌ر ئه‌وه‌ش بۆته هۆی ئه‌وه‌یکه تەنانەت زۆر جار له مێشکمدا ڕێگای شارەکەشم لێ ون بێ. تارماییەکی بە تەواو مانا پێش چاوی شێخ فەڕخی خاوەن کەرامات بگرێ و نه‌هێڵێ ...".

لەشگەری هەست بە پێشنیارکردنی مامەڵەیەکی دوو لایەنە، لە لایەن شێخ فەڕخەوە دەکا:

"نازانم بیستووتە یان نا، ئەگەریش بیستووتە تا چ ڕادەیەک بڕوات پێیه‌تی، بەڵام با ئەوە بزانی تەنیا کەسێک کە بەو نەهێنیە دەزانێ لەشگەری جەرگ سووتاوە. دڵنیام زۆر شتی دیکەش هەن کە من نایزانم و شێخ فەڕخی خاوەن کەرامات لێیان دەزانێ.

"من" پاڵی داوە بە دیوارێکەوە و وەک هەمیشە بێدەنگ و لەسەرەخۆ گوێی ڕاگرتووە.

 

 فەڕخەی 4

"ئەشا ئەو نەهامەتییە! ئەوە دوازدە شەو و ڕۆژی تەواوە سریوه لە ئەرز و ئاسمانەوە نایە، کەچی ڕاست لەوڕۆدا دە‌بێ دەست بکەنەوە بە بەشکردنی مڵکی باب وباپیرانیان".

بەنیشتنەوەی تەپ‌وتۆز و ئاگری تەقینەوەی دوایین خۆمپارە و نارەنجۆک و چرکە بۆمبەکان، ‌‌"لەشگەری"، "ڕەحمان بەکری به‌یت بێژ" و "سەیدەوان" لە قەراغ دیواری کەلاوەیەک، یەک لە دوای یەک، دێنە دەرێ. هێندیک ئەولاتری کەلاوەکە کزەدەنگی ناڵە ناڵێک زۆر بە زەحمەت دەگاتە گوێ.

لەشگەری جامانە و ئاغابانووەکەی بە چۆکی تۆزتەکێن دەکا و ڕوو دەکاتەوە کەلاوەکە و دەنەڕێنێ:

- "مامە شێخ! دەست هەڵخە برام! ڕۆژ لەوەیە بگاتە تاریکان. دیسان ڕەنج بە خەسار دەمێنینەوە، قەتمان وەک ئەوڕۆ بۆ هەڵناکەوێ، تەنانەت "ڕەحمان بەکری به‌یت بێژیش" لە "حاجی حەسەنەوە" خۆی گەیاندۆتێ ... پێموانییە کەسی دیکه مابێ تا لەوە زیاتر کارەکەی لەسەر پەک بخەین. بەشکەم ئەو برادەرەی پەناشت یارمەتییەکمان بدا ...".

کەلاوەکە تەنیا سێ سووچی هەیە و "من" بە هەر سێ سووچیدا چاو دەگێڕێ، جگە لە خۆی و شێخ فەڕخ کەسی دیکەی تێدا نابینێ. کەوایە مەبەستی لەشگەری لە "ئەو برادەرە" دەبێ هەر ئەو بووبێ. ئەوه‌ش بە ڕاشکاوییەوه تەنیا ئەوە دەسەڵمێنێ کە "من" له‌و شوێنه‌دا دەبیندرێ و بەدڵنیاییەوە دەتوانێ بڕوای بە بوونی خۆی هەبێ!

"ئەوەی لە سەبرانە لە خێرانە، سبحەینێ و ئەدووش هەر ڕۆژ دەبێتەوە، تووشی گیچەڵمان مەکە"!

ئەمجارە لەشگەری لە وەڵامی شێخ فەڕخدا بەهێزتر دەنگ هەڵدەبڕێ:

"نا ... نا ... مام شێخ! گەر بەتەمای ڕۆژێکی، وا دەنگی هیچ زرم و کوتێک لە سینگی ئەو خاکەوه نه‌گاته گوێ، ئەوه دەبێ بەو هیوایەوە هەموومان هەر لە ئێستاوە بنووین و خەوە قیامەتی بۆ ببینین. گەر بریاری پێشوومان بەردەوامە فەرموون با دەست پێبکەین، دەنا ...".

شێخ فەڕخ پووکەی فیشەکی دوازدەهەم بە پەتەوە دەکا و ناهێڵێ لەشگەری قسەکەی تەواو کا:

"سوبحانەڵڵا ... سوبحانەڵڵا ... هاوار لەدەست بێ مەجاڵی تۆ و پەنا بە خودای هەژدە عالەمیان لە دەست شەیتانی ڕاونراو".

قەتارەی پووکە فیشەکەکان وەلا دەنێ و ڕوو دەکاتە "من":

- "کاکی "من"! پێموابێ ئەوڕۆ ئیدی دەبێ لایەکی ئەو بەیت و بالۆرەیە بەلایەک داخەین".

پووکەیێکی چکۆلە لەسەر ئەرزی هەڵدەگرێتەوە و فڕێی دەداتە لای ئەو پۆلە پووکە فیشەکەی وا لە بن یەکێک لە دیوارەکانی کەلاوەکه کۆی کردۆتەوە.

ئەوجار "من" تەواو دڵنیا دەبێ کە لەلایەن هەموو کەسێکەوە دەبیندرێ و ڕه‌نگه گوێبیستی قسەکانیشی بن.

پاش هێندێک شێخ فەڕح ڕوو دەکاتە "من" و بە سەر، فەرمانی وەڕێ کەوتن دەدا و خۆی زۆر بە شێنەیی بەرەو دەرەوەی کەلاوەکە وەڕێ دەکەوێ.

"دەی خاتوون خانزاد! بۆم بڵێ، ئەوە نەمردم و ئەوڕۆشم دی. ئەوڕۆ دوایین دەرفەتە، بە وردی بۆم بگێڕەوە با بۆ هەمووان دەرکەوێ کێ خەیانەتی بە سولەیمان بەگی قولی بەگیان کردووە؟"

خانزاد لەشی بەندکراوی لە نێوان دوو دیوارەکەی تەنیشتی، بەحاڵ دەجووڵێنێ، زۆر بە سەختی سەر هەڵدێنێ و چاو دەبڕێتە چاوی لەشگەرییەوە:

"ئەوە دوایین جارە بۆتان دەیگێڕمەوە ... دوایین جارێک کە تەنانەت بە بردەباران کردنیش، دواجارێکی دیکەی بەدوادا نایە".

دەنگی ڕەهێڵەی تەقینەوەی فیشەک و نارەنجۆک لە دوورەوە دەگاتە گوێ ... دوورتر لەوەی وەسەر دەنگی خانزاد کەوێ.

"ئەوشەوە نیگبەتەی تۆ قاوەت بۆ بابم برد، کوێخا ڕەشید کە ساڵانێکی زۆر چاو و گوێچکەی بابم بوو، بۆخۆی بە چاوی خۆی دیبووی گەردێکی سپیت له قاوکەی بابم کردبوو تەنانەت، ...".

سەیدەوان و "من" بە هاسکە هاسک، بەردێکی دیکە دەخەنە سەر ئەو ڕیزە بەردەی وا تا نزیک سینگی خانزاد هاتوون. بەردەکە بە هەڵکەوت یان ئەنقەست لە ئاست خۆیەوە دەترازێ و بە سەر سینگی خانزاد دا دەکەوێ، هێز و دەنگی گێڕانەوەی هێندەی دیکەش دادەنەوێ:

"تەنانەت لێی پرسیبووی ئەو گەردە سپییە چیە کردتە ناو ئەو قاوەیەوە؟ کوتبووت: "شەکرە، شەکر" ... بەڵام کێ هەیە لە دەرکه ماڵە بابانی من نەزانێ، سولەیمان بەگ، قاوە بە تاڵی دەخوا و قەت شەکری تێ‌نەکردووە؟ قسەی کوێخا لە قەدیمەوە هەر بەڵگە بووە ... ئێستا نازانم تۆ من بە چی تاوانبار دەکەی؟ ڕەقی چیت لێ هەڵگرتووم؟ کێتان دیوە لە پێناو خۆشەویستی‌دا، خۆشەویستی خۆشەویستەکەی دەرمانداو بکا؟ مەگەر تۆ خۆت ددانت بە تاوانەکەی خۆت دا نەهێنابوو؟ خۆ ڕەحمان بەکریش لێرەیە و ئاگای لە هەموو شتێکە ...".

ڕەحمان بەکری به‌یت بێژ سەر دەلەقێنێ و چەندجار لەسەر یەک دەڵێ: " وابوو ... بەڵێ وابوو ...".

سەیدەوان و "من" هاوکات لەگەڵ بەرد کۆکردنەوە، گوێیان داوەتە قسەی خانزاد و جارنەجارێک سەر ڕادەوەشێنن. لەشگەری بێ وچان بەردان دەچنێ و بە هەناسەبڕکێ دێتە قسە:

- "پێموایە قسەی کوێخا چەندە جێی مه‌تمانەیە قسەی سەرۆک چەکدارانیش هەر بەو ڕادەیە دەبێ جێی باوەڕ بێ، بەتایبەت ئەگەر ئەو کەسە "شەماڵ بەگ" بێ".

"من" تا ئێستا نێوی شەماڵ بەگی لە هیچ یەک لە بەیتەکان و تەنانەت حەیرانەکان و ئه‌و به‌سه‌رهاتانه‌ی وا شێخ فه‌ڕخ بۆی گێڕابۆوه نەبیستووە و سەرسامی ئەوەیە کە لەشگەری ئەو نێوەی لە کوێوە هێناوە، هەر بۆیە گوێی داوەتە درێژەی قسەکانی لەشگەری، بەڵکوو شتێکی وەدەست کەوێ:

"ئەو شەماڵ بەگەی لە ڕۆژی لەچینەی دیوارنانی من لەولای تۆوە ڕاوەستابوو و فیکەی بزەی نێوانتان کزەی لە جەرگم دێنا. نا ... عاجز مه‌به‌ ... جوان گوێ بگرە، قەتارەی قسە و زووخاوهه‌ڵڕشتنم هەر بەردەوامە".

لەشگەری ڕوو دەکاتە شێخ فەرخ و دەنگ هەڵدەبڕێ:

- "مامە شێخی خاوەن کەرامات! بەسەرهاتی شەماڵ بەگمان بۆ بگێڕەوە".

"من" چاوه‌ڕوانی ئه‌و دیمه‌نه‌ی ده‌کرد. به‌پێی که‌راماتی شێخ فەرخ، ده‌یزانی که که‌س وه‌ک ئه‌و سەبارەت بە بەسەرهاتی شەماڵ بەگ ناتوانێ زانیارییەکی باشی هەبێ. کەوایە بەپێی ئەو قسانە، "من" گوێ لە قسەکانی شێخ فەرخ دەگرێ و خۆی دەداتە دەست لاپەڕە نەگێڕاوەکانی ناو بەیت و بالۆرەکان.

شێخ فەڕخ دیسان قەتارەی پووکە فیشەکەکانی بەدەستەوەیە و هەوڵ دەدا دوازدەهەمین پووکەش بە پەتەوە کا. پاش هێندێک خۆخڵافاندن، قەتارەکە وەلا دەنێ و بە وەڕەزییەوە دێتە قسە:

"خودای هەژدە عالەمیان ئاگاداری هەموو پاکی و ناپاکییەکە و هەر وەک دەزانن لە منداڵییەوە ئەو عەبدە چکۆلەیەی خۆی بە قابیلی هێندێک کەرامات زانیوە و تا ئەوڕۆ زمانی تێکەڵ بە درۆ و بوختان نەکردووە. ئێوارەی ئەو شەوەی لەشگەری ژەهری کردە قاوەکەی سولەیمان بەگەوە، جاسووسانی دەوڵەتی ئەستەنبۆڵ دیدارێکی نهێنیان دەبێ لەگەڵ شەماڵ بەگ. لەو دیدارەدا شەماڵ بەگ، لەشگەری وەک پیاوێکی گەمژە دەناسێنێ و بەڵێنیان دەداتێ گەربەدەست لەشگەرییەوە، سولەیمان بەگی قولی بەگیان لە ناو بەرن، خۆی و خانزاد پاش ئەوەی پێکەوە زەماوەندیان کرد، وەک نوێنەری ڕاستەقینەی سوڵتانی ئەستەنبۆڵ لەو وڵاتەدا سەرۆکایەتی بەڕێوەبەرن. خودای گەورە ئاگاداری هەموو شتێکی نەهێنی و ئاشکرایە و دڵنیابن من وەک شێخ فەرخی خاوەن کەرامات، قەت زمانی پاکی خۆم تێکەڵ بە درۆ نەکردووە و نایکەم ...".

خانزاد بێدەنگە و مات و عەبەسراو سەیری ئەو بەردانەی دەکا وا تا نزیک چەناکەی هەڵچنراون.

"دێی خاتوو خانزادی وڵاتی ئەوینی من! هاوسەریی نوێنەرێکی خائین و بێ‌دەسەڵاتی دەوڵەتی ئەستەنبۆڵ باشتر بوو یان ژیان بردنە سەر لەگەڵ منی جەرگ سووتاو لە ڕێی عەشقی تۆدا؟ تاوانی من چی بوو جگە لە خۆشەویستی، ئەی بۆ وەک میر و سەردارە زاڵمەکانی وڵاتی چین کەلێنی دیوارت بە جەستەی من پڕ کردەوە؟ جەستەی منی کڵۆڵ لە پێناو سازدانی کام دیوار، دیواری کام وڵات، پێشگری لە هێرشی کام دوژمن، تێکەڵ بە قوڕ و بەردان کرا؟"

سەیدەوان، "من" و ڕەحمان بەکر بێ وچان خەریکی بەرد کۆکردنەوەن.

"دەست ڕاگرن! دڵنیابن باڵای خانزادی خائین بە تەنانەت بستێکیش لە باڵای خەیانەتە نەنگینەکەی خۆی و شەماڵ بەگ نابێ".

سەیدەوان، "من" و ڕەحمان بەکری به‌یت بێژ، دەست ڕادەگرن، لەشگەری دەچێتەوە ناو کەلاوەکە و زۆر به زه‌حمه‌ت‌ جەستەی مەردارەوەبووی کەوێک لە ژێر چەندین بەرد دەکێشێتە دەرێ و دێتەوە بەرامبەری خانزاد ڕاوەدەستێ و به هەموو هێز و توانای هەوڵ دەدا سەری جەستەکە بخاتە دەمی خانزادەوە ...

دەنگی سامناکی تەقینەوەی بۆمبێک دیسان بۆشایی شوێنەکە تێکەڵی تەپ‌وتۆزێکی لەڕادە بەدەر دەکا.

 

فه‌ڕخه‌ی ٥

پاش هێور بوونەوەی دووبارەی شوێنەکە، بۆ چەندەمین جار جموجۆڵ و قرم‌وقاو دەکەوێتە ناو خێڵی ئامادەبووانەوە.

"کاکی لەشکەری! ئەوە لە سایەی کەرەمی حەزرەتی کێرامۆلکاتبین و بیرەورییەکانی ئەو عەبدە چکۆلەیەی، سووکنایی بەدڵتدا هات ... دێی ئەوجار ئەوە دڵی من و ئەوەش دەستی تۆ، ئەوە کۆنە برین و ئەوەش چاوەڕوانیی سارێژێکی مەسیحانە لە بەجێهێنانی وادە و بەڵێنیت".

شێخ فەرخ پووکەی سێزدەهەمیش بە پەتەوە دەکا و ئەمسەر و ئەوسەری پەتەکە پێکەوە گرێ دەدا. تۆقە پووکینەکە وەلا دەنێ و لەبن دیواری کەلاوەکە لە پەنای سەیدەوان ڕادەکشێ.

"گەورەم ئەوە ڕۆژی سێزدەهەمیشمان تەسلیم بە تاریکان کرد. بریار وابوو پاش حەوت ڕۆژان بەڵێن بەجێ بێنی. دڵنیام لە من باشتر دەزانی چیتر لێرە مانەوە لە تاقەتی بەشەر بەدەرە. تکایە گەر دەکرێ ...".

لەشگەری ناهێڵێ سەیدەوان کۆتایی بە قسەکانی بێنێ، لە پڕێکدا ڕوو دەکاتە "من" و ڕەحمان بەکری به‌یت بێژ:

"دڵنیام کەس لە ئێوە باشتر ناتوانێ یاریدەدەری من بێ لە پێناو بەجێ هێنانی ئەو بەڵێنەی وا لێم بۆتە تۆقی ئاسنین به مڵمەوه".

"من" بیر لەوە دەکاتەوە کە تا چەند ڕۆژ لەوە پێش، پێی وابوو لە کۆڕی ئەو چەند کەسەدا، کەسیان جگه له شێخ فەرخ هەست بە بوونی ئەو ناکا. بەڵام ئێستا نەک هەر هەیە، بەڵکوو لەشگەری وادەنوێنێ کە ئاگاداری هێندێک لە زانیارییەکانیشیەتی.

لێرەدا نووسەر دەبێ وەک ڕوونکردنەوەیەک ئەوە بڵێ کە هەتا نەخشاندنی دوایین وشەکانی ئەو چیرۆکە بەسەر سینگی ئەو لاپەڕەیەوە، تەنانەت یەک وشەش، زانیاری سەبارەت بە کەسایەتی "من" و ئەوەیکە لە کوێوە هاتووە و پەیوەندی بەو کۆڕەوە چیە و بەرەو کوێ دەچێ، بە دەستەوە نییە و وێڕای تۆی خوێنەر خۆی داوەتە دەست وشە و ڕستە و دێرەکانی دوایی ئەو چیرۆکە بۆ ئەوەیکە لانیکەم شتێکی لێ ڕوون بێتەوە.

"کاکی "من" تۆ دەست پێبکە و منیش تا ئەو جێیەی مێشکم یاریدەی زمانم بدا لەگەڵت دێمە پێشێ".

ڕەحمان بەکری به‌یت بێژ لەولای چینەی دیوارەکەوە، ڕاست ڕووبەڕووی تەرمی خانزاد، ڕاوەستاوە و چاوەڕێی دەست پێ کردنی قسەکانی "منە".

"من" بە یەکە یەکی کەسەکاندا چاو دەگێڕێ، دوو دڵ و دەنگ پڕ لە خۆرپە و ترس دەست پێ دەکا:

"من ... من ... من دەبێ لە پێشدا، ئەرێ ... لە پێشدا دەبێ ئاماژە بەوە بکەم کە ئەم شوێنەی تێیداین ڕەنگە تاقە شوێنێک بێ کە هیچ چەشنە جادوو و دوعا و نزایەک کاری لێ ناکا، نازانم هوکاری چیە، ڕەنگە لەبەر ئەوە بێ کە من لێرەم، یان ... یان ... ئێوە تێکڕا لێرەن. دیسان دووپاتی دەکەمەوە هۆکاری ئەو کارە نازانم چیە، کەوایە کەس لە من و قسەکانم دڵمەند نەبێ".

شێخ فەڕخ چاوەڕوانی ئەو دیمەنەی نەدەکرد، یان ڕەنگە لە مێشکی‌دا بە جۆرێکی دیکە لێکی دابۆوە. تۆقە پووکینەکەی هه‌ر بەدەستەوەیە. هێدی و لەسەرەخۆ، بەڵام بەردەوام، دەنک دەخا. سەیدەوان چاوی بڕیوەتە تۆقە پووکینەکەی دەستی شێخ فەڕخ و هاوکات گوێی داوەتە قسەکانی "من":- "هەروەک هەموومان ئاگادرین، شێخ فەڕخ لە سەردەمی خۆیدا پیاوێکی خاوەن کەرامات بووە و چەندین کاری چاوەڕوان نەکراو و تەنانەت کردەوەی جادووئاساشی لێ بیندراوە.

بۆ یەکەم جار ڕەحمان بەکری به‌یت بێژ لە ئاستی خۆیە دەنگ هەڵدەبڕێ:

"حەزرەتی جوبڕەئیل دەهاتە کنی بە یەکجارییە

کوتی فەرخۆڵە جارێکی دی دوعای مەکە لە کەسی دییە

فەرخۆڵە تەمەنای دەکرد لە جوبڕەئیلیە

دەیکوت تەخسیری من نەبوو، دەستی لێ هەڵنەگرتم خاتوون ئەستێە ...".

"ئەوجۆرەی من لە چەندین پیاوی ڕدێن سپی و ژیر و شاڕەزا بیستوومە، ئەو سەردەمەی فەرخۆڵە ...".

شێخ فەڕخ تۆقە پووکینەکە فڕێ دەداتە سەرئەرز و بەسەر "من"دا دەنەڕێنێ:

"لە حەوت تەبەقەی ئاسمان تەنیا جوبڕەئیلی مەزن و لەسەر سینگی ئەرزی فانیش تەنیا خاتوون ئەستێ دەتوانن نێوی شێخ فەڕخی خاوەن کەرامات بە فەرخۆڵە بێنن".

"ئەو سەردەمەی شێخ فەڕخ لە ترسی برایانی خاتوون ئەستێ ڕوو لە وڵاتی شام دەنێ و هەر لەو وڵاتەش دا بازی دەوڵەت لەسەر شانی دەنیشێ و سەری بە ئەمیرایەتی دەگا، حەوت قورینگ بە نامەوە بۆ لای خاتوون ئەستێ دەنێرێ کە وادیارە خاتوون ئەستێ دوای ماوەیەکی زۆر تەنیا وەڵامی نامەی حەوتەمی شێخ فەڕخی بە حەوتەمین قورینگدا بۆ ناردۆتەوە. به‌ڵام وه‌ڵامی ئه‌و نامه‌یه‌ی‌ لە وڵاتی داسنیه‌وه ده‌گاته ده‌ست. بۆ له وڵاتی داسنیه‌وه؟ ده‌ڵین راست له‌و سه‌رده‌مه‌دا وا خاتوون ئه‌ستی به‌ هاوسه‌ری مه‌لکه‌وان ڕازی ده‌بێ شێخ فه‌ڕخ ...".

"لەشگەری! ئەی خائینی بەناوبانگی وڵاتی بەیتەکان! بەڵێن بەجێ هێنان ئاوا دەبێ؟ پەنام بە خودای هەژدە عالەمیان، پەنام بە جوبڕەئیلی مەزن، پەنام بە خەتمی پێغەمبەران، ئەرز و ئاسمان دەزانن کە ئەو قسانە هەموو فشەجاتن. ئەوە ئێستا لەسەر ئیزنی خودا و خێڵی پێغەمبەران و پیاو چاکانی، دەتکەم بە کەوێکی باڵ هەمیشە خووساو و بۆ هەمیشە ڕووی ڕەشت لەزەلکاوی بۆگەنیوی زەلالەت و نەزانین دەنێم. یا جوبڕەئیلی مەزن فریام کەوە ...".

بێدەنگییەکی بەسام بەسەر شوێنەکەدا زاڵ دەبێ. بێدەنگییەکی قورس وەک خەوی چەندین و چەند ساڵەی عەبدولعەزیز و سولەیمان بەگی قولی بەگیان. تەنانەت دەنگی تەقینەوەی تەنیا فیشەکێکیش نایە. هەر بێدەنگییە و سەر لە بێدەنگی دەسوێ.

"حەوت جاران، حەوت قورینگان بە نامەوە دەنێرێتە لای دەستگیرانی سێ کوڕەکەی عەبدولعەزیز، بەڵام جگە لە ئاخرینیان هیچ وەڵامێک لە لایەن دەستگیرانی سێ کوڕەکەی عەبدولعەزیزەوە نایەتەوە. سێ ئازار یه‌ک له‌ یه‌ک به‌هێزتر ڕه‌وانه‌ی وڵاتی داسنی ده‌کا. هه‌ر سێ کوڕه‌که‌ی عه‌بدولعه‌زیز به‌ڕواڵه‌ت تێدا ده‌چن ... به‌ڵام ئه‌و جۆره‌ی ده‌گێڕنه‌وه که‌س له‌ ماوه‌ی ئه‌و چه‌ندین ساڵه‌دا به‌شوێنی ناشتنی سه‌یده‌وانی نه‌زانیوه ... ده‌ڵێن سه‌یده‌وان ...".

دەنگی ڕەهێڵەی تەقینەوەی یەک لە دوای یەکی چەندین فیشەک ئەوجار زۆر لە نزیکتر دەبیسرێ. سەیدەوان بەردەوام چاوی بڕیوەتە تۆقە پووکینەکەی دەستی شێخ فەڕخ و بە بێدەنگی گوێی ڕاگرتووە.

"یا پیاوچاکانی دینی محەمەد، ئەوە ئەوڕۆ جەستە و ناوچاوانی شێخ فەڕخەکەتانە وا قەتارەی عارەقێکی سارد دایگرتووە، فریای کەون و لەشی تێکەڵ بە درۆی ئەو حەرامیە بە دەردەکەی جەستەی خانزادی خائین بەرن".

دەنگی تەقینەوەی بۆمبێک لایەکی دیکەی سێ دیوارەکەی کەلاوەکە دێنێته خوارێ. تەپ‌وتۆز دیسان سەرانسەری شوێنەکە دادەگرێ.

"خەبەر بۆ شێخ فەڕخ دەچێ کە ئەوه ئەو شەو زەماوەندی مەلکەوانە. هه‌روه‌ک کوتم بەهێزترین ئازاری دونیا بانگ دەکا و دەیکاتە کەرەسەی دەستی عیزرائیل بۆ گیان کێشانی مەلکەوان. ئەوجار خەبەری زەماوەندی نێچیرەوانی بۆ دێنن، ڕەشە کرمی جەرگە خۆر بانگ دەکا و لە جەستەی نێچیرەوانی بەر دەدا. بە بیستنی خەبەری زەماوەندی سەیدەوان، بەرامبەر بە لوولەی تفەنگەکەی عەبدولعەزیز، سەیدەوان وەک کەڵە کێوییەک دەنوێنێ و فیشەکی تفەنگی عەبدولعەزیز ڕەوانەی ناوچاوانی سەیدەوان دەکا".

دەنگی زرم و کوتی پێک دادانی فیشەک و تانگ و تۆپ، نزیکتر لە جاران دەبیسترێ:

"ئەوجار شێخ فەڕخ بۆخۆی ڕێگای وڵاتی عەبدولعەزیز دەگرێتە بەر و بە چەندین دەستە سەربازەوە هەوڵ دەدا دەستگیرانی کوڕەکانی عەبدولعەزیز ببینێتەوە. بست بە بستی خاکی ئەو وڵاتە دەگەڕێن، به‌ڵام وا دیاره دوایین قورینگی شێخ فه‌ڕخی خاوه‌ن که‌رامات زۆر دره‌نگ وه‌ڵامی خاتوون ئه‌ستی گه‌یاندۆته‌وه لای شێخ فه‌ڕخ. خاتوون ئه‌ستی دابڕاو له که‌س و کار و بێ خه‌به‌ر له شێخ فه‌ڕخ سه‌ری خۆی هه‌ڵده‌گرێ و به‌ره‌و ...".

شێخ فەڕخ ئەوجار بەدەنگێکی بەرزتر لە جاران دەپاڕێتەوە:

"هاوار یا خودای ئەرز و ئاسمان، تۆ خۆت باشتر له هه‌موو که‌س ئاگات له دڵه برینداره‌که‌ی شێخ فه‌ڕخه‌که‌ته، زۆر باشتر له‌و ڕوو ڕه‌شانه‌ی ڕۆژبازاڕی قیامه‌ت ئاگات له نه‌هێنییه‌کانی دوێنێ و ئه‌وڕۆی ئه‌و عه‌بده به‌سته‌زمانه‌ته ... ئەوەی ئابڕووی پیاو چاکانی تۆ دەخاتە مەترسییەوە، ئەوەی ڕێزی ڕێزدارانی لای تۆ ناگرێ، ئه‌وه‌ی ...".

"کاکی لەشگەری! ته‌نیا وەک پرسیارێک، دەکرێ پێمان بلێی کاک سەیدەوان و شێخ فەڕخ لێرە چی دەکەن؟ یان به شوێن چییه‌وه‌ن؟ دەکرێ بۆ دوایین جار ...".

دەنگی لەناکاوی تەقینەوەی بۆمبێک زۆر نزیکتر لە جاران، لایەکی دیکەی دیوارەکانی کەلاوەکە تێک دەڕووخێنێ. دەنگی دەنگدار لە هیچ شوێنێکەوە نایە، بڵێسەی ئاگر و تەپ‌وتۆز سەرانسەری شوێنەکەی داگرتووە.

 

فه‌ڕخه‌ی ٦

پۆلە سەربازێکی ژن بە لای کەلاوەیەکدا کە تەنیا دیوارێکی ماوە و تەرمی شپرزەی چەند کەسی لەخۆی گرتووە، تێدەپەڕن. یەکێک لە سەربازە ژنەکان ڕادەوەستێ و تۆقە پووکینەیەک وا لەسەر ئەرزی کەوتووە هەڵدەگرێتەوە. هێندێکی چاو لێدەکا، بە جاسووسی لوولەی تفەنگەکەیەوە هەڵی‌دەواسێ و بە هەڵات خۆ دەگەیەنێتەوە ڕیزی پۆلی هاوڕێکانی.

بۆکان. گوڵانی ٩٥