به شوێن سه‌روای ئاوردا!
به شوێن سه‌روای ئاوردا!
یوونس ره‌زایی

به مێژووی چه‌ند شاخ‌دا هاتووم ... که هه‌ر قووڵ ده‌بنه‌وه برینم
بارستای واتاکانی دۆزه‌خ ... که گه‌رمن
وه‌ک ره‌شه‌بایه‌ک قه‌تیسی ... ده‌ربه‌نده‌کانی تاریکیی
به جوغڕافیای چه‌ند باخ‌دا وه‌ریو
وه‌ک چۆمێک له شوێن ناوی خۆی؟
که‌ی چۆم ته‌بای سروشتی پاییزه
زه‌رد و پڕ له ره‌نگی وا که واتای
سوورتر له خوێن نا
له نه‌شته‌ر
پێنج ئوقیانووسم کورت کرده‌وه له دێڕێکم‌دا
ئارام له به‌سته‌ڵه‌کی باکووری ته‌مه‌نمه‌وه ... نه‌حه‌جمیو،
ئه‌تڵه‌س به به‌سته‌ڵه‌کی باشووری بڵێسه‌کانمه‌وه... له هه‌ڕه‌تی بڵێسه‌دا
هیندیش ئه‌وپه‌ڕی ئازاره‌کانی بوودام.
پێنج ئوقیانووس له نیگات دا ... سمکۆڵ ده‌که‌ن
گه‌ر من بمهه‌وێ شێعرێک بنووسم
پڕ له هه‌ستی رۆمانتیک و پڕ له هێڵی سووری جوانیی
که‌شتییه‌کیش ... وه‌ڕه‌ز و ماندوو به کاتی ده‌ریاوه
له شه‌وانی مانگ دا... نه‌ک مانگه‌شه‌وێکی ساکار
له رۆژانی خۆردا... نه‌ک رۆژی ئاسایی به ته‌قویمی کۆچی/مانگی
له شوێن فانووسێکی ده‌ریایی ... کۆڵان به کۆڵانی غوربه‌تیی.
له ده‌ربه‌ندی خوێنه‌وه پاییز ده‌بینم
ده‌سته‌کانت ته‌وه‌للای زامه‌کانم نا ... هی ته‌مه‌نم
له سروشتی ناوته‌وه که سه‌رڕێژی ئاوره
له به‌هارێک دا ونم... که‌شتی ئاسا
که ئارامیی به‌سته‌ڵه‌کیم له ده‌رفه‌تت دا
ئه‌گه‌ر بوه‌رن ... پێنج ئوقیانووس له پێنووسمه‌وه
پاییزت ده‌بم ... ئه‌ی باخم
پێنج قاڕه‌ش گه‌ر له به‌سه‌رهاتم دا ...
که‌شتییه‌ک به! له زه‌ینم دا
به دۆزه‌خ دا
که خوازه‌یه‌که بۆ ناوت.
مانگم ئاوس به ون بوونێکی بێ مێژوو
وه سوێند به تارمایی به‌یانانی زستان
من تاریکم له‌و جوغڕافیا لێڵه‌دا
فانووسم به!
قاقڕیک له وشه‌ش نووسراوه به ته‌وێڵی شاره‌وه
که شێعرێک تۆمار نابێ به رۆژژمێری بارانه
وه هه‌ر ده‌زێته‌وه که‌ویر به پێستی رووتی کاته‌وه
بۆ ساتیک ئوقیانووسم به!
تا من ئیتر بێ تۆ له شوێن قافیه‌کان دا ونی مانا...نا
تا شێعرم سه‌ره‌تایه‌ک له ناوت ... که ئاوره.
(پێشه‌نگ)گۆڤارێکی ئه‌ده‌بی یه ،سه‌کۆی ئازادی بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می شاعیر و نووسه‌رانی نوێخوازه و سه‌ر به هیچ گرووپ و ئایدۆلۆژیایه‌کی تایبه‌ت نییه.