شێعری سولەیمان سۆفی ساڵحی
" بگەڕێوە "
سولەیمان سۆفی ساڵحی-بۆکان

بە گریاندا هەنار دەتەکێنم
بە بوونتدا ژیان دەڕوێنم و
بە تەنیاییمدا تۆ هەڵدەوەرێنم ،
چ پڕیشکەی شەپۆلێکت ئاوقا کردووم
لە بەڕەهووتی دارستانی سەربڕاوم !
چ دڵڕەقانە غەوارەت کردم
لە سنووری ماچ و باران
باش دەزانم
ئەوە حیلەی گەمیەکەی دەروونتە
ئەوە بڵێسەی بەستەلەکی نوستووتە
سەرشێتانە هەراسانم کردوون لە ڕووناکی پڕووزاوم !
ئەم زەریایە تراویلکەیەکی تاژانە
لافاوی بانگەوازی خستووەتە ئاسمانی ڕاژان
ئەوە تاراوگەی جەفایە هاوڕێم
بگەڕێوە
تاریکستانی هەناسەم بێزوو بە لێوی ڕووناکیتەوە دەکا
نێوقەدی بڕاوی تەواوی دارەکان چاوەڕێتن !
لێم ببوورە
ئەو حیلەیەو بڵێسەیە چوارساڵ بوو تاراوم کردبوون
ئەمجار تا چڕنووکی ئاویلکەییم
زاری تەور ناکەمەوە !
بگەڕێوە
با لێوە هەڵکوورمیوەکانمان
با ئاواتە هەناسەسوارەکەمان
با ئاسمانی باوەشمان
بە ماچێک ساماڵ بکەم .
ئەمڕۆ لە قیژە قیژی هاویندا
خۆر لە دابڕانی تۆ و چرۆ هەڵامەتی گرتووە
شەویش هێشووی ئەستێرەکانی باشوور
ملیوانی مانگیان دادڕیوە و
عەرش شەق بووە !
ئێستاش ئاگرت لە کاتەکان بەرداوەو
کاتژمێرەکانت لە من !
بەڵام کلوە بەفرە شکاوەکەم
بەڵێنی هەڵفڕین و دانەوینت
بە لاجانگی پەنجەمدا بەردەوام فرمێسک هەڵدەوەرێنێ و
مەراق بە دەنگی شەقەی باڵتەوە دەکا
بگەڕێوە
سایەقەی هەڵبڕانت
چمۆڵە لە بەسەرهاتی دەریا دەنێ و
لرفەی بیرەوەریت دەمهەژێنێ ،
هێندە بە ڕقدا شۆڕ مەبەوەو
پاپۆڕەکان مەلەرزێنە
با کێوەکان نەیێنە مەلە !
بگەڕێوەو
وەرینی ژیوارم هێور کەوە .
(پێشهنگ)گۆڤارێکی ئهدهبی یه ،سهکۆی ئازادی بڵاوکردنهوهی بهرههمی شاعیر و نووسهرانی نوێخوازه و سهر به هیچ گرووپ و ئایدۆلۆژیایهکی تایبهت نییه.