مەزندەی ئاو، دووانە.. نەک دڕدۆنگ

(بۆ هاوڕێم یوونس ڕەزایی)

ساماڵ ئه‌حمه‌دی- هه‌ولێر

لە ئاوی هێنا دی دنیا

بە ڕستەیەکی ڕووناک، هۆرمەزدا
هاڵاوی هەناوی ئاو بوو ئاسمان
ــــ بەرز و شین ـــ
تۆ بوویت و ئەز
شێت و، کڵپەی شینی ئاو
بە شەوارەی سۆمای دێودا، لێڵ 
تا گراوی من و تۆ بن

''
ئانوو'' و ''ئێنا''
تەنانەت تا ئێستا

ئالۆزە مەزندەی ئاو
مەگین دوو چاوی من؛
دوو ئەشکەوتی قووڵ
ـــ سوێر و شیرین ـــ
دەراوەکانی هەڵچوونی شەپۆل
بژنەوین ئایەتێکی شین لە یەشتا
دووانەن تێیدا نزای ڕامان، نەک دڕدۆنگ
کە ئەهریمەن
بە دوای سپەنتەوەیە و تیشک هەردەم
لێ تاریک تاریک تاریک
کوانێ مانگ؟
تەڵەچاڵێکە لە هەڵمی ڕەش
دەنا
لە کوولەکەی گیانی دێودا 
پێشبینی نا، تراویلکەی شاتوشووتە

ناشێ تەرمێک لە سوورایی خەمی تۆ، ئەی شین!
بە سەخڵەتی تابووتدا، تاریک


''
مانگ لە هەڕەتی مەستیدا؟''
ئاخ
!
ڕوخسارە مەندەکەی مانگی چڕژاند

بیابانەخەونی دڕوو
ـــ تیژ و کوێر ـــ
خۆ ئەو کاتەی مانگ بوو
بە خدەی شینایی و مەستی
باغ بووین و ئاو
سانایە مەزندەی خەنجەر
کە لە کێلانی خۆی بگەفێ
دژوارە مەزندەی ئاو
کە بخوازێ مەرگی شین و 
شەپۆلی شێت

مەزندەی کەوە بەم شیعرە
لرفەی تۆفان
کاتێک بین دەنێتە بەر فیتی فیرعەون
تا هەر تۆ بیت و ئەز
ڕستەیەک لە کڵپەی شینی ئاو،
دووانە بێ نەک دڕدۆنگ...