مه‌زه‌نده ده‌که‌م مه‌رگی ئاو، له رسته‌یه‌کی دژوار دا
مه‌زه‌نده ده‌که‌م مه‌رگی ئاو، له رسته‌یه‌کی دژوار دا
(بۆ "ساماڵ"ی هاوڕێ، که به گومانم له گومانم دایه)
یوونس ره‌زایی

هه‌ر خوێنی خۆم به تینوێتی ده‌خۆمه‌وه
له ده‌راوه‌کان که روونن
نه‌ک خه‌نجه‌ری زێڕینی خه‌و
به ده‌ماره‌کانی وشه‌م دا
ته‌قڵه‌کوت.
وه‌ک ئه‌وینی ون بووی نیگام
که به چۆمه‌کان دا خاپوور
به داره‌کان دا شه‌کاوه... ته‌رمێک له سوورایی خه‌مم
هه‌ر مه‌رگی خۆم به سه‌خڵه‌تی
له تابووته‌کان دا ... که تاریک
نه‌ک باڵی گولله‌کانی شه‌و
به ده‌ڤه‌ری گوته‌کانم دا... ئاوه‌دان
وه‌ک ئه‌و ژانه روونه‌ی ئێستام
به ئاسۆی برینمه‌وه ... خۆره‌تاو
به پێستی سپی هه‌میشه‌ی پێنووسمه‌وه
مانگ له هه‌ڕه‌تی مه‌ستیی دا
مه‌ودای کام ته‌نیایی بپێوم ... به‌ڵێنه
له باکووری رووناکییه‌وه... هه‌تا باشووری داره‌کان
رێگای کام ته‌رم به نیگامه‌وه ئاوه‌دان... هه‌تاکوو باڵێکی سه‌خڵه‌ت
[من پێشبینییه‌کانتان به‌رده‌وام لێڵ ده‌که‌م
چه‌شنی ئاور... که باڵی دارستانه‌کان
رسته‌کانی ئه‌و شێعره‌شم
که کێڵگه‌یه‌ک له دڕدۆنگی]
به هه‌میشه‌ی مه‌رگی خۆمه‌وه راده‌که‌م
ره‌ویو له ته‌متان که دووره ... له واتاکانی هه‌ڵفڕین
له وته‌کانی ئاو
گلاو به ئێستای تاریکییه‌وه
هه‌تاکوو دوایین چرکه‌ی چۆم
ئاوا له حیله‌ی وشکی بیابان
ماندوو نا له‌رێگاکانم
به تینوێتی ... له ده‌ریاکانتان دڕدۆنگم
وه خوێنی خۆم به لێومه‌وه
ده‌راوێکه بۆ ئاوا بوون....
(پێشه‌نگ)گۆڤارێکی ئه‌ده‌بی یه ،سه‌کۆی ئازادی بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می شاعیر و نووسه‌رانی نوێخوازه و سه‌ر به هیچ گرووپ و ئایدۆلۆژیایه‌کی تایبه‌ت نییه.