پەیویستیەکانی پەیوەندی نێوان نووسەرانی نوێخواز و جەماوەری خەڵک و کۆمەڵگا 

"لە گەڵ باسێک لە سەر ئەدەبی بەرگری و ئەزموونی ژیانی دوو شاعیری ئورووپایی و پەیوەندییەکانییان لە گەڵ کۆمەڵگا و خەڵکدا"

 

ئەرسەلان چەڵەبی _ بۆکان

بە بڕوای زۆر یەک لە نووسەران و رەخنەگرانی ناوخۆ و هەروەها وڵاتانی بیانی هونەر بە هەموو بەشەکانی دەبێ بە شێوەیەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پەیوەندی لە گەڵ کۆمەڵگاکەیدا ساز بکا، کۆمەڵگا بە واتای هەموو چەشنە کێشەیەک لە گشت بوارەکان، رەنگە لە ڕاستیشدا ئامانجی هونەر و هونەرمەند لە ئاکامدا خزمەت بە خەڵک و کۆمەڵگا بێ و هەروەها بتوانێ بە شێوەیەکی باش و مرۆڤانە کاریگەری لە سەر کۆمەڵگاکەی دانێ بۆ ئەوەی ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو شارستانییەت و ژیانێکی سەرڕێژ لە ئاشتی و ئازادی و یەکسانی بچێ.. هەر وەک روون و ئاشکرایە لەو دواییانەدا بە تایبەت لە دەیەی ڕابردوو نووسەری نوێخوازی کورد بەردەوام لە گەڵ کێشەی نەبوونی خوێنەر و نەچوونی بەرهەمەکانییان بۆ هەموو کون و کەلێنەکانی کۆمەڵگادا ڕووبەڕوو بۆتەوە و لە راستیشدا بۆتە خەسارێک لە سەر ئەدەبیاتی کورد. رەنگە سەرەکیترین هۆ بۆ ئەو کێشەیە هەر ئەو باسە بێ کە لە سەرەتا دا ئاماژەم پێکرد، واتە پەیوەندی دەقی ئەدەبی لە گەڵ کێشەکانی خەڵک لە ناو کۆمەڵگادا، هەندێ جار دەنگۆی ئەوە هەیە کە زۆر لە نووسەران لایان وایە کێشەی مرۆڤی هونەرمەند و با بڵێین نووسەر کێشەیەکی جیاوازە لە گەڵ کێشەکانی جەماوەری خەڵک، بە دڵنیاییەوە مرۆڤی هونەرمەند و هەروەها جەماوەری خەڵکی ئاسایی کۆمەڵێک کێشەی هاوبەشییان هەیە کە هونەرمەندی کورد دەتوانێ لە بەرهەمەکانیدا لە سەر ئەو کێشانە دەور بگێڕێ و هەروەها لە هەموان گرینگتر لە ڕیگای دەقەکەیەوە بتوانێ پەیوەندی لە گەڵ کۆمەڵگاکەی بگرێ و خوێنەری خۆشی بدۆزێتەوە، جێی ئاماژەیە کە دەبێ نووسەر هەموو یاسا و ڕێساکانی دەق بپارێزێ و نەبێتە هۆی لاواز بوونی دەقەکەی.

شاعیرێکی وەکوو "شاندۆڕ پێتۆفی" بە ٢٧ ساڵ تەمەن، لە مەودای ژیانێکی کورتدا لە ڕێگەی کۆمەڵگاکەی و کێشەکانی سەردەمی خۆی و خەڵکەکەی بوو بە گەورەترین شاعیری شۆڕشگێڕی مەجارستان و جیهان، شاعیرێک کە تەنیا شێعری نەنووسی و دروشمی نەدا بەڵکوو بە کردەوەش بیر و باوەڕی ناو نووسراوەکانی بە کۆمەڵگای خۆی سەلماند و هەر لەو ڕێگەیەش دا سەری نایەوە و گیانی خۆی فیدای ئازادی و مافی نەتەوایەتی گەلەکەی کرد.

شاعیرێکی وەکوو "یارووس لاو سایفرێت"کە هەموو تەمەنی لە خزمەت کۆمەڵگاکەیدا بوو، تەنانەت بۆ ڕۆژێکیش لە هەموو بارودۆخە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی چێک دانەبڕا و بەردەوام بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی شێعر و نووسراوەکانی لە هەموو قۆناغەکانی ژیاندا خزمەتی بە کۆمەڵگاکەی کرد و هەموو کات وەک شاعیرێک لە هەموو قۆناغە سیاسییەکانی سەردەمی خۆیدا بێ ترس و دروشمدانێکی بێ‌ئاکام بەرەنگاری سیاسەتی دژە مرۆڤ و دژە بەرژەوەندی نەتەوەکەی دەبۆوە و تا دوایین چرکەکانی تەمەنی بۆ رۆژێکێش ژیان و نووسراوەکانی خۆی لە کۆمەڵگا و کێشەکانی خەڵکی خۆی جیا نەکردەوە. بە دڵنیاییەوە رەمزی مانەوەی هەموو دەق و هونەرمەندێکیش لە ناو گەلەکەی هەر ئەو باسەیە کە ئاماژەی پێ کرا. هەر بۆیە شاعیری گەورەی یوونانی "یانیس ڕیتسووس" لە بابەت سایفرێتەوە دەڵێ:

"براکەم، بزانە کە لە ئاکامدا فێر بووین کە لەگەڵ یەک بدوێن، بە ئارامی و لەو پەڕی ساکاریدا، دەڵێ: سایفرێت شێعری تاقانە و نازدار نەکردۆتەوە و لە کۆمەڵگای جیا نەکردۆتەوە، لای وایە شێعر لە سەرەتای بوونەوە لە گەڵمانە، بە وێنەی: ئەوین...! برسییەتی...!تاعوون...! شەڕ...!

 

 

بە دڵنیاییەوە لە ڕابردوویەکی نە زۆر دووری مێژووی ئەدەبی کوردیش وەها نووسەرگەلێکی بە خۆوە دیتووە ، بەڵام تەوەری  باسەکە لە سەر دەقەکانی دوو دەیەی ڕابردوو تا ئێستا و بە تایبەت شێعری نوێی کوردییە. لێرەدا لە ڕێگەی ئەزموون و ژیانی دوو گەورە شاعیری بیانی باسەکە زۆرتر بڵاو دەکەینەوە و حەول دەدەم بە باس کردن لە سەر چۆنییەتی بە ناوبانگبوونی ئەو شاعیرانە ئەو راستییە زۆرتر ئاشکرا بێتەوە و جارێکی کە نووسەری کورد بە تایبەت نووسەرە لاوەکان و لە پێش دا خۆم بە سەر نووسراوەکانی خۆیاندا بێنەوە و حەول بدەن پردێکی پەیوەندی لە نێوان خۆیان و کۆمەڵگاکەیاندا بەدی بێنن و ئەو بۆشاییە بە شێوەیەکی مەنتقی و سەردەمییانە قەرەبوو کەنەوە.

 

"یارووس لاو سایفرێت" لە ٢٣ی سێپتامبری ١٩٠١ی زایینی لە گەڕەکێکی کرێکاریی ناو شاری پڕاگ لە دایک بوو. سایفرێت بەردەوام تا دوایین هەناسەکانی ژیانی بێ پسانەوە باسی لە سەر چۆنییەتی شوینی ژیان لەو گەڕەکە و هەروەها ژوورە بچووکەکانی کە بە کرێ چوووبون، مەیکەدە و مەیگێڕ و زاراوەیەکی تایبەتی ئەو گەڕەکە لە شێوەی زاراوەی گەڕەکی "کاکنی" لە لەندەن کە تایبەتی ئەو گەڕەکەیە، سایفرێت بەردەوام تا دوایین کات ئەو وێنانەی لە گەڵ خۆی بە کۆڵ دادەدا و وەکوو نۆستالۆژییەک باسی لێوەدەکرد.

سایفرێت دایکێکی کاتۆلیک و ساویلکە و باوکێکی سۆسیالیستی خودانەناسی هەبوو، ئەو بەردەوام لە گەڵ هەردووکیان دەژیا و پەیوەندییەکی زۆر باش و گەرم و گوڕی پێک هێنابوو، بنەماڵەی سایفرێت هەژار بوون بەڵام هەموو حەولی خۆیان دا هەتا کوڕەکەیان بنێرنە قوتابخانەیەکی باش بۆ خویندن، بەڵام خوێندنی بە نیوچڵی بەجێ هێشت و سەرقاڵی کاری هەواڵنێری و ئەدەبیات بوو و هەروەها هەموو کاتەکانی ژیانی رۆژانەی خۆی بۆ نووسین و ڕاهێنانی شێعر تەرخان کرد.

سایفرێتی تازە لاو بەر لە هاتنی شەڕی جیهانی یەکەم و هەروەها بەو پێیە کە چێک ئەیالەتێک بوو لە وڵاتی پاشایەتی ئۆتریش، چالاکییەکانی خۆی وەکوو شاعیرێک بە شێوەی فەرمی وەگەڕ خست. سایفرێت سەرەتای نووسینی بۆ ماوەیەک لە بیر و باوەڕەکانی پڕۆلیتاری و ئاناڕشیستی نزیک دەبۆوە، لە ساڵی ١٩١٨ کە چێک بوو بە وڵات و سەربەخۆیی وەرگرت سایفرێت بوو بە ئەندامی لایەنی چەپی سۆسیال دێموکڕات و لە ساڵی ١٩٢١ کە حیزبی کۆمۆنیست سازمان درا وەکوو ئەندامیکی فەرمی ئەو حیزبە دەستی بە چالاکییەکانی خۆی کرد.

یەکەم کۆمەڵە شێعری سایفرێت لە ژێر ناوی "شار نوقمی فرمێسک" چاپ و بڵاو بۆوە و جێی ئاماژەیە کە ئەو پەڕتووکە بوو بە ڕەسەنترین بەرهەمی پڕۆلیتاری میژووی چەک، لەو کۆ شێعرەدا سایفرێت بەردەوام باس لە ئەوین و ئازادی و راستی و پاکی دەکا و بە دژی فەسادە سیاسییەکان دەوەستێتەوە و لە بەرابەر هەموو ئەوانەی کە بەرژەوەندی گەل فیدای بەرژەوەندی حیزب دەکەن بە شێوەیەکی شاعیرانە هەڵوێست دەگرێ.

بیر و باوەڕی سایفرێت بە شۆڕش لە بڕوای ئەو بە ئاڵ و گۆڕی بارودۆخی کرێکار و ژیانی خەڵک سەرچاوە دەگرێ نەک هۆگری ئەو بە سیاسەت و دەسەڵاتی سیاسی و کوشتن و بڕین و هەڕەشە لەو چوارچێوەیە دا، ئەوین و جوانی لە شیعرەکانی ئەو دا بەردەوام بە سەر نیفرەت و ناحەزیدا زاڵە و خۆ وەدەر دەخا.

لە دوای ماوەیەک هاوڕێ نوێخوازەکانی سایفرێت وەکوو، کاڕێڵ تیگە، ئێستانیسلاو نێئوومان بوونە هۆی دابڕانی سایفرێت لە ئەدەبی پڕۆلیتاری و ئاشنابوونی ئەو لە گەڵ شێوازە نوێیەکانی شێعری پێشەنگی ئەو سەردەمە، سایفرێت لە ساڵی ١٩٢٠ کۆمەڵێک نووسەر و شاعیری لە ناو جەغزێکا کۆ کردەوە بە ناوی "دێوێتسیل" کە ناوی جۆرە گیایێکە و لە فەرهەنگی وشەکاندا بە مانای "حەوت هێز" یان "مەعجوون" خۆی دەر دەخا. ژیان و چالاکی ئەو شاعیرە لەو ساڵە بە دواوە لە گەڵ ئەو کۆمەڵە نووسەرە  و هەروەها جووڵانەوەیەکی کە بە ناوی "پۆئێتیسم" تێکەڵ بوو کە مانیفێستی ئەو کۆمەڵە نووسەرە بە شێوەیەکی کورت و هەڵبژاردە بریتی بوو لەو چەند دێڕەی خوارەوە کە ئاماژەی پێدەکەم:

"بەر لە هەموو چالاکییەکانی مرۆڤ، ئەرکی سەرەکی مرۆڤ نۆژەنکردنەوەی جیهانە، پەیویستە شاعیران و بیرمەندان شان بە شانی سەربازە شۆڕشگێڕەکان هەنگاو بنێن، ئامانجی ئەوان یەکسانە، تەنیا جادەیەک بەرەو داهاتوو کۆتایی دێت، هونەری ڕابردوو، بگرە لە شێوازەکانی کووبیسم، فۆتۆڕیسم، ئۆڕفیسم یان ئێکسپێڕسیێۆنیسم، لە زاتی خۆیدا بە جوان و پەیویستی دادەنێن...،"

 

ئەو بیر و باوەڕە هونەرییان لە پێناو ئامانجەکانی پڕۆلیتاری و کۆمۆنیستی دەزانی و ژیانییان بە بەشێک لە هونەر دەزانی و لایان وابوو کە هونەرەکانی کەش دەبێ بێنە ژێر سێبەری ئەو بۆچوونە، ئاواتی ئەوان پەیوەندی دانەوەی ژیان لە گەڵ بەشەکانی هونەر بوو، ئەو ساڵانە واتە دەیەی بیست دەورانی لاویی و جم و جۆڵە سەرەڕۆکان و چالاکی ئەوان بوو لە بواری شێعر و سیاسەت و ژیاندا و هەروەها بەردەوام لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان و کافە و چایخانەکان کۆ دەبوونەوە و لە مشت و مڕ لە گەڵ یەکدا بوون.

سایفڕێت بەردەوام بۆ رۆژنامە و گۆڤارە ئەدەبییەکان کە زۆربەیان کۆمۆنیستی بوون چالاکییەکانی خۆی پەرە پێدا و لە کۆتاییەکانی دەیەی بیست بوو بە سەرنووسەری گۆڤاریکی بەناوبانگ و بەهێزی کۆمۆنیستی، بە شوێن ئەو چلاکییانە دا پەڕتووکێکی کەی لە شێعرەکانی و هەروەها وەرگێڕانی شاعیرانی سەمبۆلیستی ڕووسییە و هەروەها شاعیرانی فەڕانسە وەکوو پۆل وێڕلێن و گیێۆم ئاپۆلینێڕی چاپ و بڵاو کردەوە و دواتر لە گەڵ تیگەی هاوڕێی سەفەرێکی دوور و درێژییان لە ئۆتریشەوە تا باکووری ئیتالییا دەست پێکرد و لە ساڵەکانی ١٩٢٨ و ١٩٢٥ بەرەو ڕووسییە ڕیگەیان گرتە بەر و جێی ئاماژەیە کە سایفرێت لە ساڵی ١٩٢٠ لە بیر و بایەخەکانی پۆئیتیسم دوور بۆوە و مەودای لێ گرت.

لە ساڵی ١٩٢٩ سایفرێت لە گەڵ هەشت نووسەری کۆمۆنیستی کە، نووسراوەیەکییان بە دژی سەرۆکی ئەو کاتی چێک بە هۆی هەندێک کردەوەی ناشیاو بڵاو کردەوە کە بووە هۆی دەرکردنی هەموویان لە حیزب، سایفرێت بە پێچەوانەی هەموو هاوڕێکانی بۆ هەمیشە تێکەڵی حیزب نەبۆوە و بەردەوام بۆ هەمیشە وەکوو هەواڵنێر و سەرنووسەری چاپەمەنییەکان  و هەروەها بڵاو کردنەوەی چەند کۆمەڵە شێعری کەو و کۆکردنەوەی شێعرەکانی سەدەی نۆزدەهەمی چێک لە دووتوێی کتێبێکدا درێژەی بە چالاکییەکانی خۆی دا، سایفرێت لە کۆمەڵە شێعرەکانی خۆی شێوازی تایبەتی خۆی پەرە پێدەدا و زۆربەی شێعرەکانی کورت و ساکار و سەرڕێژ لە جوانی بوون کە ڕیتم و مۆسیقایەکی تایبەتی لە ناو خۆدا حەشار دابوو کە دوای خوێندنەوەی هەستت دەکرد کە شێعری گۆرانییەکت خوێندۆتەوە. لە ساڵی ١٩٣٧ پەڕتووکی "هەشت ڕۆژ" بڵاو بۆوە کە شێعرەکانی باس لە خەفەتێک دەکا کە زۆربەی خەڵکی چێک لە ناو دڵی خۆیانا ئەو خەفەتانە دەبیننەوە. خەفەتی لە دەست‌چوونی یەکەم سەرۆک کۆماری چێک "تۆماس گاریگە مازاریک" فیلسووف و بیرمەندێک کە هێمای دێموکڕاسی و سەربەخۆیی و یەکەمین سەرۆک کۆماری چێک بوو. لە ساڵی ١٩٣٨ کۆ شێعری "چراکان بکووژێنەوە"ی بڵاو کردەوە کە زۆرتر یادداشتی رۆژانەی شاعیری لە خۆ دەگرت کە باسی لە هەڕەشەکانی ئاڵمانی نازی و یەکگرتوویی خەڵکی چێک لە بەرابەر ئەو هەڕەشانە دەکرد کە بە داخەوە دواتر بە بە هۆی سەرۆک کۆماری ئەو کاتە تەسلیم دەبن و دەست لە سنوورە نەتەوەییەکان دەکێشنەوە و بە لەحنێکی یەگجار خەفەت بار کۆتایی پێ دێت.

لە دوای داگیرکردنی پاشماوەی وڵاتی چێک لە لایەن ئاڵمانییەکان، سایفێرت لەو ماوەیەدا سێ کۆمەڵە شێعری کەی چاپ و بڵاو کردەوە کە کاریگەرییەکی یەگجار زۆر و باشی لە سەر ئیرادە و هەستی نەتەوەیی و بەرخۆدانی خەڵکی چێک دانا، ئەو شێعرانە بە ناوەڕۆکی وڵات پارێزی و خۆشەویستی نیشتمانی دایک و خۆشەویستی بۆ پڕاگ زەفەری بردە ناو دڵی خەڵکی چێک و لە مەودای ساڵەکانی ١٩٣٩ هەتا١٩٤٥ سایفێڕت بوو بە شاعیری نەتەوەیی چێک و بەرهەمەکانی بە شێوەیەکی بەربڵاو کە پەیوەندییەکی راستەوخۆی لە گەڵ بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو کاتەی خەڵک و چێک بوو، دەخوێندراوە و لە ناو هەموو ماڵێک دا نووسراوەکانی سایفێڕت وەدەست دەکەوت.

دوای رزگاری وڵاتی چێک لە ساڵی١٩٤٥، سایفێڕت چالاکییەکانی خۆی لە بواری هەواڵنێری درێژە پێدا و دوای پێکهاتنی دەوڵەتێکی کۆمۆنیستی خۆی لە ناو چاپەمەنییەکی داخراو و سەرڕێژ لە سانسۆڕ دا دیتەوە و لە لایەن دەڵەتەوە تۆمەتی بورژوا و دوژمنی خەڵکی لێ درا، بە شوێن ئەو کێشانەدا لە چالاکییە هەواڵنێرییەکەی دوورەپەرێزی کرد و خۆی بە وەرگێڕان و پێداچوونەوەی پەڕتووکەکان خەریک کرد.

لە دوای ساڵی ١٩٤٥ کۆمەڵە شێعرێکی کە لەو شاعیرە بڵاو بۆوە و لە ساڵی ١٩٥٦ لە دووهەمین کۆنگەرەی یەکییەتی نووسەرانی چێک لە پشت تریبوونەوە رایگەیاند کە: "بەو هیوایەی ئێمە ویژدانی خەڵکی خۆمان بین، بڕوام پێبکەن لەو چەند ساڵەی ڕابردوو ئێمە هیچ کە ویژدانی خەڵکی خۆمان نەبووین، بەڵکوو ویژدانی خۆشمان نەبووین،ئەوەی لە بەرانبەر راستی دا بێدەنگی هەڵبژێرێ، مرۆڤێکی درۆزنە."

سایفێرت لە ساڵی ١٩٦٥ بە نووسین هەندیک شێعر و پەڕتووکی کە بە تەواوی لە شێوازەکانی ڕابردووی خۆی دابڕا و بە شێوەیەکی ساکار و دوور لە هەر چەشنە ئاڵۆزییەک هاتە ناو قۆناغێکی کە لە ئەدەبی ئەو وڵاتە و لە ساڵی ١٩٦٧ خەڵاتی نووسینگەی چاپەمەنی نووسەرەکانی چێکی پێ بەخشرا و هەر لەو ساڵەشدا وەکوو "هونەرمەندی نەتەوەیی وڵاتەکەی" نێودێر کرا.

لە ساڵەکانی ١٩٦٨ هەتا ١٩٧٥ شێعرەکانی ئەو شاعیرە هاتە سەر زمانی ئینگلیسی و لە ئامریکا و کانادا و بریتانیا چاپ و بڵاو بوونەوە و هەروەها لە ئۆکتۆبری ١٩٨٤ خەڵاتی ئەدەبی نۆبێلی بردەوە و لە ئاکامدا سرنجی هەموو جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێش کرد و لە ساڵی ١٩٨٦ ماڵئاویی لە شێعر و ژیان و چێک کرد و کۆچی دوایی کرد.

بخوێننەوە شێعرێک لەو شاعیرە:

"..."

پێنووسەکەم

ئیتر وشەکان هەڵناپەڕێنێ؛

شێعر

خامۆش و بێدەنگ دەمێنێتەوە...

بە وێنەی دڵۆپە فرمێسکیکی قەتیس بوو لە کونجێکی چاو دا.

 

 

"شاندۆڕ پێتۆفی" شۆڕشگێڕی شێعر و نەتەوە

 

شاندۆڕ پێتۆفی، گەورەترین شاعیری شۆڕشگێڕی مەجارستانە و لە ڕیزی گەورەترین شاعیرە شۆڕشگێڕەکانی جیهان دا جێ دەگرێ، پێتۆفی، شاعیر و قارەمانێکە کە شێعر و ژیانی ئەو یەکسەر هێمای ئازادیخوازی نەتەوەیەک بووە و شێعرەکانی و ژیان و نەتەوەکەی بە شێوەیەکی لێک‌دانەبڕاو پێکەوە گرێدراون و نەک هەر بە تەنیا شێعرەکانی بەڵکوو هەموو ژیان و ناخی خۆی لە پێناو نیشتمان و داهاتووی نەتەوەکەی و هەروەها جیهان بە گشتی تەرخان کرد. ژیانی پێتۆفی وەکوو ژیانێکی ئاسایی شتێکی سەیر و سەمەرەی پێ نییە بەڵام بۆ ناسینی ژیانی راستەقینەی ئەو دەبێ مێژووی نەتەوەیەک پەڕ بە پەڕ هەڵدەیەوە، چۆن ژیان و بەسەرهاتی ئەو لە گەڵ نەتەوەکەی تێکەڵ بووە.

شاندۆڕ پێتۆفی، لە یەکەمی ژانوییەی ساڵی ١٨٢٣ لە گوندێکی بچووکی مەجارستان چاوی بە دونیای ڕوون هەڵێنا، بنەماڵەێیکی لادێیی و دایکێکی ساویلکە و باوکێکی وەرزێڕ کە دواتر دووکانێکی لە ناو گوندەکە کردەوە. دایک و بابی ئەو شاعیرە هەموو حەولی خۆیان وەگەڕ خست هەتا حەولادەکەیان دەرس بخوێنێ بەڵام بە هۆی کێشەی نەبوون و ئەستەمی ژیان بەو ئاواتەی خۆیان نەگەیشتن. ژیانی پێتۆفی لە گەڵ هەژاری و سەختی تێپەڕ بوو و لە تەمەنی شانزدە ساڵی بەو لاوە بەردەوام لە ناو خەبات و رەنجدا خاراو ببوو. یەکەم شێعرەکانی هەر لەو سەردەمەشەوە دەنووسرێ و لەو کاتەشدا لە قوتابخانە هەڵات و وەکوو ئەکتەری شانۆ ماوەیەکی زۆر دەربەدەری شار و دێهاتەکان بوو، هەر لەو سۆنگەیەشەوە ئەوە بوو بە هۆی ئەوە کە پێتۆفی لە گەڵ رەنج و ئێش و زامی کۆمەڵگاکەی کە بە دەست دەرەبەگایەتییەوە دەیانناڵاند، زۆرتر ئاشنا بێ و پەیوەندییان لە گەڵ بگری.

پێتۆفی شۆڕشی مەزنی فەڕانسەی زۆر خۆش دەویست و بە شێوەیەکی ورد هەموو کارەساتەکانی ئەو شۆڕشەی خوێندبۆوە و کاریگەرییەکی زۆری لە سەر دانابوو، جێی ئاماژەیە کە کوتبووی:

"پاڕانەوەی سەر لە بەیانی من مێژووی شۆڕشی فەڕانسەیە، ئەو ئینجیلە نوێیە ئازادی و رزگاری فێری مرۆڤەکان دەکا"

سەردەمی ژیانی کورتی پێتۆفی هاوکات بوو لە گەڵ داگیرکردنی مەجارستان لە لایەن داگیرکەرەکانی ئۆتریش، جێی ئاماژەشە کە مەجارستان بەر لەو بۆ ماوەی سەدە و نیوێک لە ژێر چەتری داگیرکەری تورکەکانی عوسمانی دابوو. لە سەردەمی داگیرکەری ئۆتریش دابوو کە پێتۆفی لاو و شاعیر لە مەجارستان هاتە دونیا و لە گەڵ کۆمەڵگا ئاڵۆزەکەی خۆی تێکەڵ بوو و هەروەها هەنگاوی نایە ناو ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو سەردەمە.

لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا لە گۆڤاریکی ئەدەبی و کۆمەڵایەتی لە بووداپۆستی پێتەختی ئەو وڵاتە درێژەی بە چالاکییەکانی خۆیدا. شێعرەکانی پتۆفی لە هەموو شوێنێک بڵاو دەبوونەوە و شێعری "دوژمنی پاشاکان" نیشاندەری ئەوە بوو کە ئەو لاوە شۆڕشگێرە بە هەموو هێزەوە بە دژی ئیمپڕاتووری پاشاکان وێستاوە و چاوەڕوانی شۆڕشێکە عالەمێک رزگار بکا.

بە داخەوە لە هاوینی ساڵی ١٨٤٩ ئەو کات کە پێتۆفی تەنیا بیست و شەش بەهاری لە ژیانی خۆی تێپەڕ کردبوو لە شەڕێکی خوێناوی و درێژ خایەن لە بەرابەر هێزە زۆرەکانی بەرانبەردا گیانی خۆی بۆ ئازادی و شۆڕشی وڵاتەکەی بەخت کرد و کوژرا.

شێعری پێتۆفی شێعرێکی ساکار و بەچێژ بوو کە دەنگ و هاواری بە ئێشی نەتەوەیەک کە وەئاگا هاتوون تێیدا دەنگ دەداتەوە و هەروەها بەو هۆیە کە پێتۆفی لە ناو خەڵکدا بەدی هاتبوو و هەروەها خۆی بە کوڕی نەتەوەکەی دەزانی باشتر لە هەر کەسێک ئاوات و زامەکانی وڵاتەکەی لە نووسراوەکانی بەرجەستە دەکردەوە.

شاندۆڕ پێتۆفی، لە گەڵ شاعیرە شۆڕشگێرەکانی ئورووپا وەکوو: بڕانژە، هانڕی هاینە، شێلی و بایڕوون ئاشنا بوو و بەرهەمی هەموانی خوێندبۆوە و هەروەها بەشیک لە بەرهەمەکانی شکسپیڕی وەرگێڕابۆوە سەر زمانی مەجارستان کە لە دوای سەدەیەک وەرگێڕانێک لە وەرگێڕانەکەی پێتۆفێ باشتر بەدی نەهاتووە.

ئەگەرچی ئەو شاعیرە تەنیا حەوت ساڵ شاعیری کرد و نووسی بەڵام یەکێکە لە گەورەترین شاعیرانی مەجارستانە و نهێنی ئەو گەورەبوونە لە تێکەڵبوونی دڵی لە گەڵ خەڵکەکەی خۆی و کێشەکانی ناو کۆمەڵگاکەیدا بووە، هەر بۆیە زۆر یەک لە نووسەرەکان لایان وایە کە بەرهەمیکی ئەدەبی دەبێ بە شێوەیەکی راستەخۆ لە گەڵ کۆمەڵگاکەی پەیوەندی هەبێت.

 

بخوێننەوە چەند شێعر لە شاندۆڕ پێتۆفی:

 

لە خەونمدا شەڕم دی

دوێشەو لە خەونمدا شەڕم دیی

مەجارەکانییان بەرەو شەڕ هان دەدا و

بۆ بانگێشتییان بە نەریتێکی کۆن،

شمشێری خوێناوییان بۆ هەموو وڵات دەنارد.

 

بە بینینی شمشێری خویناوی، ڕاچڵەکان

تەنانەت ئەوانەی دڵۆپە خوێنیکیان لە دەمار دابوو

کەس بۆ پووڵ و پلە خەباتی نەدەکرد

هەموو بۆ تاجی درەوشاوەی ئازادی.

بە هەڵکەوت رۆژی زەماوەندی ئێمە بوو

زەماوەندی من، زەماوەندی تۆ، خۆشەویستەکەم

بۆ گیان‌بەخت کردن لە پێناو وڵاتەکەم،

یەکەم شەوی بەیەک گەیشتنمان جێ دێلم.

خۆشەویستم، ئەستەمە،

لە وەها رۆژێکدا بەرەو پیری مەرگ چوون؟...

گەر چارەنووسی وەها بوێ

وەها دەکەم، وەها کە لە خەونمدا دیتم...

 

بیرەوەری

بیرەوەری!

تۆ، تەختەی شکاویی بەلەمێکی نوقمبووی

کە ڕاکێشی راکێشی شەپۆل و با

تووڕی دایە کەنا زەریا.

 

 

ژنەکەم و شمشیرەکەم

کۆترێ بە سەربانی ماڵەوە

ئەستێرەیەک لە ئاسماندا ئۆقرەی گرتووە و

لە ئامێزی مندا

ژنە خۆشەویستەکەم.

لە ئامێزما

بە ئەسپایی دەیبزوێنم

بە وێنەی شەونمێ بە سەر گەڵای درەختەکانەوە.

نها کە لە ئامێزمایە

چما ماچی نەکەم؟

لێوەکانم بۆ ماچ

نە لەچەرە و نە بێ‌هێز

زۆری لێدەڵێن

بەڵام هەموو کات بە نیوەچڵی

چۆن نیوەی قسەکانمان

لە نێوان ماچەکاندا ون دەبن.

شادی ئێمە مەزنە و

چێژی ئێمە بێ‌کۆتا

بەختەوەریمان درەوشاوە

بە وێنەی مروارییەکانی ناو ئاو

بەڵام شمشێرەکەم

حەز ناکا و

لە سەر دیوارەوە لە ئێمە ڕاماوە

بە نیگای بەسام و تووڕەیەوە.

 

 

دوای خوێندنەوەی کورتەیەک لە ژیان و ئەزموون و شێعرەکانی ئەو دوو شاعیرە بۆمان دەردەکەوێ کە بەرهەمەکانییان گرێدراوی کۆمەڵگاکەیان و لە ناو کێشەکان کۆمەڵدا خاراو بوون و خۆیان لە خەڵکی وڵاتەکەیان جیا نەکردۆتەوە، هەر ئەوەش بۆتە رەمزی مانەوەی ئەو شاعیرانە. بە دڵنیاییەوە ئێمەی شاعیر کە کەڵکەڵەی نوێخوازیمان هەیە ئەگەر تەوەرەکانی ناو شێعر و هەروەها ئەو کاریگەرییانەی ناو کۆمەڵگا لە بەر چاو نەگرین و خۆمان لە خەڵک و بارودۆخەکانی وڵات جیا کەینەوە و بە شێوەیەکی ئاڵۆز بو بێ مەنتق کە تەنانەت خۆشمان لە خۆمان حاڵی نەبین و بە تەمای ئەوە بین خوێنەر فریو بدەین بەو زمانە ئاڵۆزەوە، ئەوە دەبێ دڵنیا بین کە لە پێش دا خۆمان فریو داوە و هیچ کات ناتوانین جێیەک لە ناو ئەدەبی وڵاتەکەمان بۆ خۆمان مسۆگر بکەین و دوای ماوەیەکی کورت هەر ئەدەبیات خۆی لەو ناو جیهانی سەرڕێژ لە جوانی و سیحراوی خۆیدا فڕێمان دەداتە دەرێ. هیوادارم هەموو نووسەرە نوێخوازەکان جارێکی کە ئەو بابەتانە بۆ خۆیان پێناسە بکەن و وردە وردە لە دوای ماوەیەکی کەم خایەن بتوانن ئەو پردی پەیوەندییە بەدی بێنن و ئەو بۆشاییەی کە لە نێوان کۆمەڵگا و نووسەر هاتۆتە ئاراوە قەرەبوو بێتەوە.

 

 

سەرچاوەکان:

"عاشقانەکانی یارووس لاو سایفێڕت" / شێعری چێکۆسڵەواکی

وەرگێڕ: فەریدە حەسەن‌زادە

چاپەمەنی: "نگاە"

ساڵی چاپ: ١٣٨٤

 

..............................................................................

 

شاندۆڕ پێتۆفی / شاعیری شۆڕشگێڕی مەجارستان

کۆکردنەوە و وەرگێڕان: مەحموود تەفەزولی، ئانگلا بارانی

ساڵی چاپ:١٣٣٢

چاپەمەنی تاران

.................................................................................