وتووێژی تەلەفوونی دەگەڵ موویان براوەی خەڵاتی نوبێلی ئەدەبیاتی 2012

وتووێژچی: یان شوئانگ لیندبلووم

و.لە فارسیەوە: محەممەد تەرەغە

وتووێژچی: سەرەتا پیرۆزبایت پێ دەڵێم. چ هەستێکت بوو ئەوکاتەی هەواڵی بەرەندەبوونت پێ گەیشت؟

موویان: هەواڵەکەم کە بیست، بە راستی لام سەیر بوو، چونکە وام بیر دەکردەوە چەندین فەرسەخ لە خەڵاتی نۆبێل دورم.

وتووێژچی: زۆربەی ئەوکەسانەی کە سەردانی سایتی خەڵاتی نۆبێل دەکەن، خوێندکارانی لاون، کام لە کتێبەکانت بۆ خاڵی دەسپێک بۆ ئەولاوانە یا کەسانێک کە دەیانهەوێ تازە دەگەڵ بەرهەمەکانت ئاشنا بن، دەست نیشان دەکەی؟

موویان: بە بڕوای من کتێبی <ژیان و مەرگ تەنگەیان پێ هەڵچنیوم> دەکرێ کتێبی دەسپێک بێ بۆ خوێنەران، کە هەر ئەمساڵ لە سوید چاپ و بڵاو بۆوە. دواتر دەتوانن کتێبەکانی وەک <سورگومی سور>، <سینگەگەورەکان و رانەفشەکان> و ... بخوێنەوە. بەڵام کتێبی <ژیان و مەرگ تەنگەیان پێهەڵچنیوم> پێشنیاری یەکەممە، چونکە شێوازی نووسین و هەروەها دۆزینەوەم لە بەستێنی هونەری چیرۆک نووسی دا، بە شێوەیەکی پوخت و پاراو لەوکتێبە دا خۆی دەنوێنێ.

وتووێژچی: کاتێک لاو بوویت، چ ئیلهامێکی دەروونی ئێوەی بەرەو لای نووسەری پاڵ پێوە نا؟

موویان: من خوێندنەوەم هەر لە مناڵیەوە دەس پێکرد و هەر بەم هۆیە و بە خوێندنەوەی کتێبی زۆرتر، هۆگرێکی زۆربلە بەستێنی ئەدەبیات لە مندا هەڵخڕاند. وام بیر دەکردەوە دونیاک وشەم لە سەر دایە کە دەبێ بە هەر جۆرێک بێت بەیانیان کەم. هەر بۆیە بیرم لە شێلگیرانەترین رێ لە ئەدەبیات دا دەکردەوە کە بەربەستی کەمتری هەبوو، دەستم کرد بە نووسین. هەڵبەت زۆریش حەزم لێبوو، خۆم بە خۆم بسەلمێنم. ئارەزووم ئەوە بوو بتوانم لە چارەنووسم دا گۆڕانێکی بەرچاو بەدی بێنم.

وتووێژچی: دەکرێ سەبارەت بە داهێنانەترین بەرهەمی ئەدەبی بۆمان بدوێن؟

موویان: داهێنانەترین بەرهەمم، هەر ئەو کتێبەیە، مەبەستم <ژیان و مەرگ تەنگەیان پێ هەڵچنیووم>، کە لەوە پێش باسم کرد. یەکەم ئەوە کە ئەم کتێبە باس لە کێشە راستەقینەکانی مێژووی چین، واتە زەمینداری و کشت وکاڵ دەکا. دووهەم ئەوەی کە من لەو کتێبە دا لە بابەت گەلی وڵاتانی رۆژهەڵاتی کەڵکی زۆرم وەرگرتووە.

لەو رۆمانە دا ئینسان و حەیوان جێگای خۆیان دەگۆڕنەوە، هەروەها خوێنەر دەتوانێ لە گۆشەنیگای حەیوانێک، بە هاسانی سەیری ئاڵوگۆڕەکان بکا کە لە ماوەی ئەو50ساڵەی دوایی دا لە کۆمەڵگا و مێژووی چین رووی داوە. بێجگە لەمەش، لەوبەرهەمە دا، تەواو هەوڵی خۆم داوە تا لە زمان بە جۆرێک کەڵکی لێ وەرگرم کە فۆڕمی ئازادی هەبێ و بەربەستیشی کەمتر بێت، تا بتوانم قسەکانی دڵم بە هاسانی دەرببڕم. وا هەست دەکەم ئەو کتێبە لە چاو ئەوانی تر، پوختەتر بێت. چوونکە یەکگرتوویەکی فۆرمی بەربڵاوتر لە نێوان راستیەکان و شێوازی نووسینی داهێنەرانە لە ئارا دا هەیە.

وتووێژچی: لە جێگایەک دا خوێندمەوە کە نووسینی کتێبی < ژیان و مەرگ تەنگەیان پێ هەڵچنیووم> لە ماوەی 43 رۆژ دا نووسیوتە. چ شتێک بوو بە هۆکاری ئەوە کە ئاوا بە خێرایی بە ئەنجامت گەیاند؟ چ شێوازی نووسینێکت گرتەبەر؟

موویان: بۆ کتێبی <ژیان و مەرگ تەنگەیان پێ هەڵچنیووم> بە خێرایی نووسیوومە؟ باشە یەکەم لەبەر ئەوەی کە ئەم کتێبە لە سەر بنەمای چیرۆکێکی راستیە. چیرۆکەکە دەگەڕێتەوە بۆ دەورانێک کە 7-6 ساڵان بووم و وەرزێرێک لە دەوروبەری قوتابخانەی ئێمە دەژیا. ئەم وەرزێرە زۆرجار بە پێچەوانەی دەوڵەت و کۆمەڵگا کاری دەکرد، بە پێچەوانەی باوەڕی باوی نێو خەڵک و بە تەنیا تا ئاخرین ساتەکان خۆی لە قەرەی هەرەوز و کاری دەستەجەمعی نەدەدا. کەسایەتی گەلی وەک وی لەو سەردەم دا بە کەسانی تونداژۆ سەیر دەکران و بەردەوام دێوزمەیەکی ترسناکیان لە سیمای ئەوان بە خەڵک دەناساند؛ خەڵکیش زۆرجار وەبەرپەلاماریان دەدا و مافەکانیان پێشێل دەکرد. ئەو گیان فیدایی زۆری کرد تا شێلگیرانە لە سەر باوەڕەکەی پێداگری بکات، تەنانەت بنەماڵەکەی، لەوانە کچ و کوڕەکەی لە بنەماڵە جیا بوونەوە و مەودایان لەو گرت، بەڵام ئەو هەرگیز تەسلیم نەبوو. دواتر مێژوو سەلماندی کە هەق بەو بووە.  کاتێکیش کە من دەستم بە نووسینی ئەو رۆمانە کرد، دڵنیا بووم ئەو دەورگێڕە درەنگ یا زوو پێ دەنێتە ناو چیرۆکەکەم، هەر لەبەر ئەوە بوو کە نووسینی ئەو کتێبە خیرا تەواو بوو.

ئاستی بیرۆکەی پێویست بۆ نووسینی ئەو کتێبە کە تا رادەیەک لە ئارا دا هەبوو، بوو بە هۆی ئەوەی کە ئیشی نووسینی چیرۆکەکە، خێرا تەواو بێت.

وتووێژچی: ئێستا گەڕەکتە ئەم خەبەرە خۆشە چلۆن جێژن بگری؟

موویان: وابزانم سبەینێ دەگەڵ بنەماڵەکەم لە دەوری یەکتر شیرنی بخۆین، چۆن بە دڵنیایەوە سبەینێ هەمویان ئاگادار دەبن و بێ گومان 10ی دیسامبەر بۆ مەراسمی پێشکەشی خەڵاتەکانی نۆبێل لە سوید حزوورم دەبێ. زۆر سپاس، بە هیوای دیدارتان لە سوید.

 

سەرچاوە: مانگنامەی ئینترنێتی چووک .ژ:27ی رەزبەری91