چەند شێعر لە شاعێرانی ژاپۆن
چەند شێعر لە شاعێرانی ژاپۆن
و:جەلال هانیسی-تۆرێنتۆ،کانادا
١
ئێمپراتۆر میچی(1912 ـــ 1852 )
لە ئێمپراتۆرە گەورەكانی ژاپۆن بوو، سەرەڕای ئەوەی كە خەریكی چاك سازی سیاسی وفەرهەنگی لە وڵاتەكەیدا بوو، شێعریشی دەهۆنیەوە ، شێعرەكانی هەمووی بە شێوی كۆنن. .
گشت مرۆڤەكان بران
لە جیهاندا كە هەموو یەكتر
بە برا بزانین ،
دەبینە دەریا
شەپۆلە تۆفانزاكان
هێزیان لە كوێیە كە بمان ترسێنن؟
*****************
هەژارەكان
چ گەرمایەكی هەناسە بڕە!
بەوە زمانم ناگەڕێ
كاتێ بیر لە هەژارەكان دەكەمەوە
كە لە كێڵگەكاندا خەریكی كارن
لە نێو ئەو ئاوانەی كە لە گەرمادا دەكوڵێن.
٢
نایتۆ مێئیسێتسو(1926 ـــ1847 )
چین ناس بووــ و لە هۆنینەوەی هایكودا لە شاگردە هەرە بە تواناكانی شیكیە .
ئاخ ، ئەوە بەهارە!
ئەوەی كە كۆلارەكەی هەڵفڕاند
ئیدی نەهاتەوە
□
راهێبی رێبوار
بزر بووی نێو تەمومژ-
زڕەی زەنگۆڵەكان.
□
شارییەكان
گەڵای سوور بە دەستیانەوە:
رێچكە دەگرن بەرەو ماڵان.
٣
ئۆچی ـــ ئای نائۆبوومی(1903 ــــ 1861 )
بەرهەمی كلاسیكی چین وژاپۆنی فێر بوو، ماوەیەك لە زانكۆی كوكوكاگودا وانەی ئەوتەوە . لە ساڵی1893دا ئاساكاشا(گورووپی عەترە دڵنشینەكان )ی دامەزراند.مەبەستی ئەم گورووپە هاوئاهەنگ كردنی شێعر لەگەڵ سەردەمی نوێدا بوو. بەم شێوە وەكوو خوازیاری چاك سازی لە شێعری ژاپۆندا ناوبانگی دەركرد.یوسانوتێكان،كانەكون ــ ئێن ، ئەنووسایشوو لە شاگردەكانی ئەون.
شێعری من
ئەگەر یەك_تەنیا ، یەك مرۆڤ بدۆزمەوە
كە بە شیعرەكانم
بێتە جۆش ـــ ،
ئەو كاتەیە كە رازی دەبم
بە دڵی خۆم ، بمرم.
*************
لە نوێنی نەخۆشیدا
بۆ چاوپێكەوتنم
كاتێ دێن
هەڤاڵان،
كە بەدرێژایی شەو بێدار بووبێتم
تا بیان ژمێرم.
***************
شاعیر
شەوانە
كە لە تەنیاییدا رادەچڵەكێم
لە ناخی دڵەوە
شێعرەكانم دێنمە یاد:
ئەوكاتەیە، كە منیش خودایەكم.
******************
وەنەوشەو پەپوولە پایزیەكان
هێشتا هەر دەپشكوێن، دەپشكوێن
وەنەوشە و پەپوولە پایزییەكان
بە وپەڕی تاسەوە
بەو رێگەیەدا كە هاتووم
. ئەگەرێمەوە
چەند شێعر لە شاعێرانی ژاپۆن. لە کتێبی"شکوفەهای آلوبن" ترجمە علی عبداللهی
(پێشهنگ)گۆڤارێکی ئهدهبی یه ،سهکۆی ئازادی بڵاوکردنهوهی بهرههمی شاعیر و نووسهرانی نوێخوازه و سهر به هیچ گرووپ و ئایدۆلۆژیایهکی تایبهت نییه.