گەشتی ئێوارانی بڵوار

ناسر وەحیدی-بۆكان

     قەتم وەک ئەم ئێوارێیە نەدیتبوو، قەتیش باوەڕم نەدەکرد ئاوا بێ، تەنانەت ئێستاش کە بە چاوی خۆم دیتوومه. کابرایەکی  دەستفرۆش و سێ چوار کوڕە جحێڵە ئاگایان لێ بوو،لەوانەی ئێواران خۆیان تیف تیفە دەدەن، بۆچاوه چاو   دێنە بڵوار. کابرای دەسفرۆش لەگەڵ هەرای شتومەکەکەی پێدەکەنی دەم و فڵچی بۆ کۆنەدەبۆوە. یەکی بۆزی چاوشین بوولایەک لە خلێنەی خوارەوەی نەمابوو. ددانی تەنیشتی و خلێنەی سەرێی کرمۆڵ بوون. یەکێک لەکوڕە جەحێڵەکان بارانیەکی بۆری دابوو بەسەر دەستیدا، بەپەنجەی پێی لەسەر ریتمی دەستی ئەو ئاهەنگەی لێدەدا. وەک ئەوەی رێبەری سەمفۆنی بێ و سیانەکەی تریش سەیریان دەکرد و  دەتریقانەوە.

     پیادەڕەوەکانی بڵوار زۆر پان و بەرفراوانن .جامخانەی هەموو دووکانەکانی بەجوانترین شێوە و بەسەلیقە رازاونەتەوە. ئێواران دەبێتە قەرەباڵغییەکی سەیر،سەگ ساحەبی خۆی ناناسێ. ژن و پیاو لە ناو پیادەڕەوەکەدا شەپۆل دەدەن. دەبێ وەک مەڕ سەربنێیەوە وەدووی ئەوی پێش خۆت کەوی، ئەگینا دەرچوون مەحاڵە، شەپۆلی مرۆ وەبەر خۆت  دەدا، راتدەماڵێ. گەر بتەوێ لە سووچێکەوە بچیە سووچێکی تری  پیادەڕەوەکە شانت وە دەیان شانی کە دەکەوێ لاتراسکە دەبەستی.  جەماوه ر چەشنی مێش لەوپیادەڕەوەدا پوورە دەدەن .

     جوان ترین کچ و ژنی ئەم شارە بۆ سەودا و کڕین روو لەم شوێنە دەکەن. وەک ئەوەی بڕیارێکی نهێنی لە ئارادا بێ ماڵ بەدەریان کەن، دەڕژێنە ئەوپیادەڕەوانە. جوان ترین لیباس لەبەر دەکەن، وەک ئەوەی بچنە شایی. هەمە جۆر ئارایش، تۆخ ، سووک. بە مۆدی جۆراوجۆر، قژە سەری ڕەنگاورەنگ. ئافرەتی سوور، سپی، کاڵ، سەوز، رەشئەسمەر، گۆشتن، باریک، باڵابەرز، کورت، ناسک وتروسک، حەیا لە پیاو هەڵدەگرن. کوڕانیش بۆخۆڕانان دانامێنن و چی وا لە  ژنان  کەم ناهێنن. سەر رەنگ کردن، قژ درێژکردن و دانانی ریشی سەیر و سەمەرە هەڵواسینی مت و موورووی رەنگاوڕەنگ و هەمەجۆر تەنانەت دەموچاوهەڵگرتن و سووراو سپیاویش. بەچەشنێ کە هەڵاواردنی نێر و مێ کارێکی ئاستەمە. پیادەڕەو دەبێتە تالاری فەشەن و خۆرانان پیادەش دەبێتە  مانکەن. بۆنی عەتر و دەرمانی ژنان و ئارەقە و هاسکەهاسک بە کەلەبەرەکانی پیادەڕەودا کوولان دەکات.                                               

     چاوەکانی بەڵەکن و زەق بە قەرایی هەڵماتێک زل، بە کل دەیان رێژێ بۆیە گەورەتر دەکەونە  بەر چاو. سەری کوڵمی خڕ و سوورە وەک تەماتەیەکی دەستەی توورت. کۆتێکی پەشمی شین، کڵاوی کاموا، جووتێک پێڵاوی چەرم کە چوار نمرە لە لاقی زلترە لەپێ دەکا، لەرۆیشتندا دەی خشکێنێ. سمێڵی نییە ئەغڵەب وردە ریشێک  بە دەم وچاوییەوە دەبیندرێ. دەستەکانی چکۆلەن. لاوێچی دەکات و بەرەوڕووت دێ، دەینێتە بەر دەمت. گنە گنێک دەکات، هەست دەکەی دەمی یان لووتی دەبێتە  شارە زەردەواڵە، وزە وزێکی لێدێت. رەنگە هەرلووتی بێ، چون  دەمی ئەوندە ناکاتەوە کە بزانی بە دەم  قسە  دەکات. تەنیا چرکە ساتێک لەبەردەمت دەوێستێ و دەڕوا. کوتە کاغەزێک، قونچکە سیگارێک لەهەر سووچێکی پیادەڕەوەکان بکەوێ،            هەڵیدەگرێتەوە دەیخاتە ناو سەتڵی زبڵ یان قاناوەکان. تەنیا ئیستێک لەبەر دەمت دەوێستێ، هەر ئەوندەی سپیایی چاوی ببینی. ملی بەلارەوە دەنێ، روو دەکاتە کەسێکی تر. من  ئەودەم و ئێستاش لام وایە دەتوانێ ببێته هاوشارییەکی بەشەڕەف، ئەرکی خۆی وەک  سپوورێکی باش بە جێ بێنێ.     

     ئەو ئێوارێیە کۆتێکی پەشمی شینی لەبەر دابوو،دەستی لەناو قۆڵەکانیدا وون ببوو. کڵاوێکی کاموا و پاتۆڵێکی مۆری لە پێدا بوو. لەپڕ چاوم پێی کەوت. بە سەر شانی راستەیدا روو لە باکوور رووخا و کەوتە سەرپشت. سێ چوار  کوڕە جحێڵە لە تەنیشتی بوون، سەیریان دەکرد. لەگەل ئەوەی قەتم بەم شێوەیە نەدیبوو، چاوەڕوانی ئەوەم دەکرد چاوەکانی سپی هەڵگەڕێ و بە مۆلەق بوێستێ. کەف هەڵخڕێنێ وەلینگەفرتێ  کەوێ.

     دەیزریکاند. ددانەکانی پێکدا دەدا، ریچەی دەکرد. وەک ئەوەی بیەوێ هێرش بەرێ. رووی لەبا کوور بوو دەیزریکاند . رەشایی کەلێنی ددانی و سپیایی ددانی هەر نیگایەکی کەمەندکێش دەکرد. چاوەکانی کل ئاوی دەتکاند، دەوری چاوی رەش هەڵگێڕابوو. دەستی راستەی گرتبوو بەناو گەڵیەوە دەیزریکاند. وەک ئەوەی شتێک لە ژێرەوە پێوەی بدا یان پشکۆیەکی ئاگر کەوتبێتە  ناو   نێفەکی پاتۆڵەکەی.

     کابرایەکی بۆزەی چاوشین هێندێک وردە شتی لەسەر لێواری قاناوەکە دانابوو،هەرای شتەکانی دەکرد. زوو زوو سەری بۆ لای ئەو وەردەسووڕاند، پێدەکەنی. لایەک لە خلێنەی خوارەوەی  نەمابوو، ددانەکانی کەشی رەش و کرمۆڵ بوون. سێ چوار کوڕە جحێڵە لەتەنیشتی وێستا   بوون، سەیریان دەکرد و دەتریقانەوە. یەکیان هەنگاوێک لەوانیکە نزیکتر بوو، بارانییەکی بۆری دابوو بە سەر دەستیدا بە پەنجەی پێی لەسەر ریتمی دەستی ئەو بەپەنجەی پێی ئاهەنگی لێدەدا. وەک ئەوەی رێبەری سەمفۆنی بێ و ئەویش لەسەر ریتمی پێی ئەو ساز بژەنێ.

     لە سەرپشت کەوتبوو دەیزریکاند. ددانی لە ریچەوە دەبرد وەک ئەوەی بیەوێ هێرش بەرێ . ئاوێکی رەش لە چاوی دەتکا. دەستی راستەی گرتبوو بەناو گەڵیەوە دەیزریکاند. وەک ئەوەی شتێک لە ژێرەوە پێوەی بدا یان پشکۆیەکی ئاگر کەوتبێتە ناو نێفەکی پاتۆڵەکەی. ملی هەرامەکەی گرتبوو زوو زوو دەیگوشی، دەیقورسکاند. کونه لوتی هەراو و هەراوتر دەبۆوە، دەی مشاند. خێرا خێرا دەستی دێنا و دەبرد، مشە دەبووە پڕمە. دەی قوروسکاند. چاوی لە هیچ کوێیەک نەبوو. دەی قوروسکاند، زوو زوو ملی هەرامەکەی  دەگوشی. کابرای  دەسفرۆش هەرای شتەکانی دەکرد و لە بنەوە دەی وت ئای بۆ تۆزێک خۆڵەمێش. سێ کوڕەکەی تر سەیریان دەکرد،لیکیان دەچەکاند و چەپڵەیان لێدەدا. حەشامەت لەسەر سەکۆی فەشەن بەردەوام لە هات وچۆ دابوون، ئیستێک دەکەوتنە بەرچاو، دواجار لە ناو قاوە قاوی پیادەڕەوەکاندا  ون دەبوون.

     کەوتبووە لێوەلەرزە و لیک چەکاندن، سووکە موچوڕکێک و پاشان خاو بوونەوە. سووک بوون پاش خاڵیکردنی حەژمەتێکی  تاقەت پڕوکێن. هەستا  سەر پێ . گوێی نەدایە هیچ،هیچ کەس و هیچ شتێکیشی نەدی. ورد لە سەر پاتۆڵەکەیەوە سەیری ناوگەڵی خۆی کرد، بۆ دڵنیایی دەستی بە سەر پاتۆێەکەیدا هێنا . پاتۆڵە مۆرەکە تەڕایی نە بواردبووە سەرەوە. بێ ئەوەی داوای سواڵ بکا، ملی لە ناو شانە کزەکانیدا حەشار دا، سەری بە لارەوە نا و لەناو پیادەڕەوەکانی بلواردا   ونبوو.

 

                                                                

 5/2 /2010